دڵشاد شەهاب : بواری پێکەوە کارکردن لەگەڵ گۆڕان نەماوە

دڵشاد شەهاب : بواری پێکەوە کارکردن لەگەڵ گۆڕان نەماوە
ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی هۆکاری دەرکردنی بزووتنەوەی گۆڕان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات و دەڵێت، کوردستان ناخاتە بەردەم پاشەڕۆژێکی نادیارەوە.

دڵشاد شەهاب، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاندووە، کە هەموو دانیشتنەکانی گۆڕان و پارتی، ”پەیوەندییان بە ئیمتیازات و پۆستەکانیانەوە ھەبووە“.

دڵشاد شەهاب پێیوایە ”هێزی خاوەن هەڵوێست و نیشتیمانپەروەر هەن“ و لەگەڵ پارتی، چارەسەری بارودۆخەکە دەکەن و رایدەگەیەنێت، کە جارێکی دیکە ”ئەستەمە“ پارتی و گۆڕان بەیەکەوە کار بکەن، چونکە ”بەم ئەقڵییەتە دووفاقییە“ی بزووتنەوەی گۆڕانەوە، ”ئومێد و بوار“ بۆ بەردەوامبوون لە یەک حکوومەت، نەماوە.

دوای رێگریکردن لە چوونە ناو هەولێر لە یوسف محەممەد، سەرۆکی پەرلەمان، گۆڕان رایگەیاند، کە ”لە شکۆی پەرلەمان دراوە“، لەبەرامبەردا ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتی ئاماژە بەوەدەکات، کە ئەوان دژی یەکهەڵوێستی بوون و ئاراستەدەکران، ”کاتێک کۆی پێکھاتەکانی بڕیارێک بدەن و، دواتر تەلەفۆنێک ھەمووی تێک بداتەوە، چی باشی لێ چاوەڕوان ناکرێ“.

بەپێی گوتەکانی دڵشاد شەھاب، کە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی بڵاویکردووەتەوە، وێڕای ”بوونی گلەیی“ لە سەردەمی حوکمڕانی پارتی و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، بەڵام هەردوولا سنوورێکیان ھەبووە، کە ”لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندی میللەت ئەو سنوورە نەدەبەزێندرا، بەڵام بینرا ئەوەی گۆڕان کردی ھیچ سنوورێکی نەھێشت“.

ئەو ئەندام سەرکردایەتییەی پارتی گوتەیەکی نەوشیروان مستەفا، رێکخەری گشتیی گۆڕان ئاشکرا دەکات، کە لە سەردەمی پێکهێنانی کابینەی هەشتەمی حکوومەت، بە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی گوتبوو، ”تۆ پیاوی دەوڵەتداری، ھەڵبەت دەزانین کە باش حوکم دەکەیت، بەڵام ئێمە کە نەیەینە حکوومەتیشەوە، ھاوکارتان دەبین“ و پێیوایە گۆڕان لە نێو حکوومەتدا، ”بەم دووفاقییەی ھەیانە، ھەموو شتێکیان تێکدا“.

دڵشاد شەهاب ئاماژە بە رۆڵی یوسف محەممەد دەکات و دەڵێت، ”نەیتوانی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکات، ئەمە چ سەرۆک پەرلەمانێکە، کە ھەڵچوونی پێنەگەیشتوویی لێ دەرکەوێ، کە دواجار خەڵک و حکوومەت دووچاری قەیران دەکات و، خەڵکەکەیش دووچاری ئەو نارەحەتییە دەکات کە تێیدایە“.

شەهاب ئاماژە بەوەشدەکات، کە ئەوکاتەی یەکێتی لە سلێمانی باڵادەستبوو، نەوشیروان مستەفا ”پیلانی دانا تا خزمەت بەسلێمانی نەکرێ و ستەمی لە خەڵکی سلێمانی کرد“ و لەبارەی هۆکاری دەرکردنی بزووتنەوەی گۆڕانیش رایدەگەیەنێت، کە حزبەکەی بە رێککەوتنەکەی لەگەڵ گۆڕان بۆ پێکهێنانی حکوومەت، ”ئەم گەل، وڵات و حکوومەتە ناخاتە بەردەم پاشەڕۆژێکی نادیارەوە“.








باسنيوز
Top