پارێزگاری دهۆک: ڕێگە نادەین ئەوەی له سلێمانی ڕوو دەدات لە دهۆک دووبارە ببێتەوە
فەرهاد ئەتروشی، پارێزگاری دهۆک، بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن گوتی: "ڕەوشی سیاسی، ئابووری هی ئەوە نییە کە ئەو جۆرە کێشە و ئاڵۆزیان ڕوو بدەن، ئەمڕۆ هەموو لایەنە سیاسییەکانی سنووری پارێزگای دهۆک کۆبوونەوە و، هەموویان نیگەرانن لەو بارودۆخەی لە هەندێک ناوچەی پارێزگای سلێمانی هاتووەتە پێشەوە، هیوادار بوون کە ئەو جۆرە کێشانە لە سنووری پارێزگای دهۆک ڕوو نەدەن، ئاسایش و ئارامی و سەروماڵی هاووڵاتیان و بارەگاکان بپارێزن، هەروەها زۆر سوپاسی خەڵکی خۆمان دەکەین کە لەگەڵ ئێمە هاوکار بوونە."
ئەوەیشی گوت: "ئێمە وەک لیژنەی ئەمنی دوێنێشەو کۆ بووینەوە، هەر لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیارمان دا دەزگاکانی ئەمنی بکەونە کار لە پێناو پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان و بارەگاکانی حزب و حکوومەت پارێزراو بن، لەگەڵ ئەوەیش سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ ئێمە لە پەیوەندیدا بوون کە نابێت بە هیچ شێوەیەک کارێکی هەڵە لە ناوچەکە بکرێت."
د. فەرهاد، دەیشڵێ: لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان هەموومان لەسەر چەند خاڵێک ڕێک کەوتین کە هەموو لایەنەکان لەگەڵ ئیدارەی ناوچەکە و دەزگاکانی ئەمنی هاوکار بن بۆ ئەوەی ئەو کارانەی لە هەندێک بەشی پارێزگای سلێمانی دەکرێن لێرە ڕوو نەدەن، ئەوە ڕامانی ئەوە نادات کە ئێمە ناهێڵین خۆپیشاندان لە دهۆک بکرێت.
بەڵکو ئەوە مافێکی ڕەوای خەڵکی خەرێمی کوردستانە و بە یاسا ڕێک خراوە، بەڵام بە ڕاشکاوانە دەڵێن ئەو جۆرە خۆپیشاندانانەی لە قەڵادزێ و چەند ناوچەیەکی دیکە، بە هیچ شێوەیەک وەک ئیدارەی ناوچەکە ڕێگە نادەین ئەو کارانە بکرێن بۆ ئەوەی ئەمن و ئاساییشی ناوچەکە تێک نەچێت، هەروەها داوا لە خەڵکی ناوچەکە دەکەین هاوکار بن، کە هەتا ئێستایش هاوکار بوونە بۆ ئەوەی سەروماڵیان پارێزراو بێت، لەگەڵ ئەوەی داواکارین لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن کە هاوکار بن بۆ ئەوەی بتوانین ڕەوشەکە کۆنترۆڵ بکەین."
