یەكەمین كۆنسووڵی گشتیی كوێت لە هەرێم دەستبەكار بوو

یەكەمین كۆنسووڵی گشتیی كوێت لە هەرێم دەستبەكار بوو
بەمەبەستی پێشكەشكردنی وێنەی پەڕاوی متمانە بۆ دەستبەكاربوونی وەك یەكەم كۆنسووڵی گشتیی وڵاتی كوێت لە هەرێم، ئەمڕۆ (د. عومەر ئەحمەد) سەردانی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كرد و وێنەی پەڕاوی متمانەی دەستبەكاربوونی خۆی پێشكەش بە (فەلاح مستەفا) بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەت كرد.

لە دیدارێكدا (د.عومەر ئەحمەد) سڵاو و رێزی وەزیری دەرەوەی كوێتی گەیاندە بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و ئاماژەی بە پەیوەندیی لەمێژینە و پتەوی نێوان سەركردایەتیی سیاسیی هەرێمی كوردستان، بە تایبەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ میری وڵاتی كوێت و گەورەبەرپرسانی ئەو وڵاتە و هەردوو گەلی كوردستان و كوێت كرد.
وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بە بۆنەی دەستبەكاربوونی وەك یەكەم كۆنسووڵی گشتیی وڵاتەكەی لە هەرێم، بەرنامەی كاری كۆنسووڵگەریی گشتیی كوێتی لە هەرێم خستە ڕوو كە كار دەكەن بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكان لە ڕووی ئابووری، كولتووری و هاوكاری و هەماهەنگیی دوولایەنە.
بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەت، بە ناوی حكوومەتی هەرێمەوە پیرۆزبایی لە كۆنسووڵی گشتیی كوێت كرد و، سڵاو و رێزی خۆی بۆ وەزیری دەرەوەی كوێت دووپات كردەوە، هەروەها پێشوازی لەم هەنگاوەی وڵاتی كوێت كرد كە دوای ماوەیەك لە رەزامەندی، ئەمڕۆ دەستبەكار بوون و ئەم هەنگاوەیش دەبێتە مایەی زیاتر پێشخستنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو لا.
(فەلاح مستەفا) ئامادەیی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و دامەزراوەكانی دیكەی حكوومەتی هەرێمی خستە ڕوو بۆ پیشكەشكردنی هاوكاری و كارئاسانی بۆ سەرخستنی كارەكانی كۆنسووڵگەریی گشتیی كوێت لە هەرێم.
هاوكات ئاماژەی بە رۆڵی گرینگی وڵاتی كوێت كرد لە ڕووی یارمەتیدانی مرۆیی بۆ ئاوارەكانی سووریا و، جەختیشی لەسەر بەستنی كۆنفڕانسێكی تایبەت بۆ وڵاتانی كۆمەكبەخش بۆ كۆكردنەوەی یارمەتی و باشتركردنی گوزەرانی سەختی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێم و عێراقدا كردەوە.
هەردوولا باسیان لە رەوشی ئەمڕۆی عێراق و ناوچەكە كرد و تیشكیان خستە سەر مەترسییەكانی تیرۆریستانی داعش لەسەر ناوچەكە و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی.
لە تەوەرێكی دیكەدا باس لە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كرا و تیشك خرایە سەر پرسی یاسای بوودجەی عێراق و پێویستیی پابەندبوونی حكوومەتی فیدڕاڵ بەم پرسانەوە.
Top