سەفین دزەیی: ئەگەر بەغدا بودجە نەنێرێت، بڕیاری خۆمان دەدەین
سەفین دزەیی وتەبێژی حکومەتی هەرێم بە ڕاگەیاند، لەئێستادا چاوەڕوانی ڕەوانەکردنى بوجەی مانگی ئایار دەکەن لەلایەن بەغداوە بۆ ئەوەى بزانن بڕەکەی چەند دەبێت.
ڕاشیگەیاند، ئەگەر بڕەکە وەک پێوست نەبێت، دوای ڕاوێژکردن لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان و نوێنەرانی کورد لە بەغدا بریاری خۆیان دەدەن.
وتەبێژی حکومەتى هەرێم ئاماژەی بەوەش کرد، مانگی نیسان هەرێم نەوتی نزیک لەو ڕێژەییەی وەک لە یاسای بودجەی عێراقدا هاتووە ڕادەستی سۆمۆ کردووە و بۆ مانگى ئایاریش هەرچەندە هەندێک کێشەى تەکنیکى هەبوو، بەڵام نزیکەى ئەو بڕەى دیاریکراوە ڕەوانەیان کردووە.
لەبارەى وتەکانى حەیدەر عەبادى سەرۆک وەزیرانى عێراق، کە ڕایگەیاندووە، هەرێم بودجەى خۆى لە بڕە نەوتى فرۆشراوى عێراق پێ دەدرێت، نەک ئەوەى لە یاساى بودجەدا ڕێککەوتنى لەسەر کراوە، وتەبێژی حکومەتى هەرێم رایگەیاند، ئەوان بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ بەغدا دەکەن و دەبێت بەپێی یاسای بودجەش پارەیان بۆ ڕەوانە بکرێت.
بەپێی رێکەوتنى هەولێر و بەغدا دەبێت ڕۆژنە هەرێم ٢٥٠ هەزار بەرملی نەوتى خۆى و ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوتى کەرکوک ڕەوانە بکات، لەبەرامبەردا بەغدا پشکى لە سەدا ١٧ هەرێم ڕەوانە بکات.
