کۆنگرەی کۆمەڵ عەلی باپیر بە ئەمیر هەڵدەبژێرێتەوە

 کۆنگرەی کۆمەڵ عەلی باپیر بە ئەمیر هەڵدەبژێرێتەوە
کۆنگرەی کۆمەڵی ئیسلامی بەردەوامە و لەدووەم رۆژی كۆنگرەکەدا، بڕیارە ئەمیری کۆمەڵ بە دەنگی ئەندامانی کۆنگرە هەڵبژێردرێتەوە. وەک ئەندامێکی کۆنگرەکەیش باسی دەکات‌" جگەلە مامۆستا عەلی باپیر دیار نییە كەسێكی دیكە خۆی کاندید بکات".

رۆژی یەکشەممە 31-5-2015 لەدووەم رۆژی کۆنگرەدا دەنگدان دەکرێت لەسەر پۆستی ئەمیری کۆمەڵ،عەبدولستار مەجید ئەندامی كۆنگرەی سێیەمی كۆمەڵی ئیسلامی لە لێدوانێكدا گوتی: جگە لە عەلی باپیر دیار نییە کە کێ دەیەوێت بۆ ئەو پۆستە خۆی کاندید بکات".

ئەو کە ئەندامی مەكتەبی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامی-ە پێیوایە" عەلی باپیر بەنیاز نەبوە خۆی بۆ پۆستی ئەمیری كۆمەڵ کاندید بکاتەوە، بەڵام پێداگری بەشێکی زۆر لە ئەندامانی كۆمەڵی ئیسلامی بوە هۆی ئەوەی بە دووبارە کاندیدکردنەوەی رازی بێت، ئەگینا نیازی هەبوو بەجۆرێكی دیكە لەنێو كۆمەڵی ئیسلامی خزمەت بكات".

كۆمەڵی‌ ئیسلامیی‌ كوردستان رۆژی شەممە 30-5-2015 سێیەم كۆنگرەی‌ خۆی‌، بە بەشداریی‌ 760 ئەندام لە هۆڵی‌ ئەوتار لە شاری‌ هەولێر دەستپێكرد و تاوەکو رۆژی دووشەممە 1-6-2015 بەردەوام دەبێت. ئەو حیزبە كە لە بزووتنەوەی ئیسلامی جیابووەتەوە، لە 31-5-2001 دامەزراوە و تاوەكو ئێستا دوو كۆنگرەی كردووە، لە هەردوو كۆنگرەكەش عەلی باپیر بە ئەمیری كۆمەڵ هەڵبژێردراوە.






















رووداو
Top