وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای هه‌رێم و بیلاڕوسیا یاداشتنامه‌یه‌كی لێكتێگه‌یشتن ئیمزا ده‌كه‌ن

وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای هه‌رێم و بیلاڕوسیا یاداشتنامه‌یه‌كی لێكتێگه‌یشتن ئیمزا ده‌كه‌ن
وه‌زیری خوێندنی باڵا رایگه‌یاند، یاداشتنامه‌یه‌كی لێكتێگه‌یشتن له‌ نێوان وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاى هه‌رێم و خوێندنی باڵاى بیلاڕوسیا ئیمزا ده‌كرێت بۆ ڕاهێنانی پیشه‌یی و، سود وه‌رگرتن له‌ ئه‌زمونی سه‌ركه‌وتوی ئه‌و وڵاته‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌ت له‌ بواری ته‌كنه‌لۆژیای زانیاری.

(د.یوسف گۆران) وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی به‌ ماڵپه‌رى فه‌رمیى پارتیى دیموكراتى كوردستانى راگه‌یاند: "له‌گه‌ڵ وه‌زیری پەروەردە و خوێندنی باڵای بیلاڕوسیا گفتوگۆمان لەبارەی چۆنێتی هاریکاری و هاوکاری یەکترکرد به‌تایبه‌ت پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ نێوان زانكۆ ‌كانی هه‌رێم و بیلاڕوسیا، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا پێشنیازی ئیمزاكردنی یاداشتنامه‌یه‌ك كرا بۆ ڕاهێنانی پیشه‌یی و، سود وه‌رگرتن له‌ ئه‌زمونی سه‌ركه‌وتوی ئه‌و وڵاته‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌ت له‌ بواری ته‌كنه‌لۆژیای زانیاری.

(گۆران) گوتیشى: هه‌ر له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا گفتوگۆمان له‌باره‌ی ستراتیژ و پلانی هەردوو وەزارەت کرد، لەگەڵ هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ سودوەرگرتن لە شارەزایی و تواناکانی بیلاڕوسیا له‌ هه‌رێمی كوردستان.

وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ده‌شڵێت، له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردودا وه‌فدێكی باڵاى حکوومەتى هەرێمی كوردستان بۆ بەدواداچون و جێبەجێکردنی یاداشتنامەى لێک تێگەیشتنى نێوان هەردولا گەیشتنە بیلاروسیا، کە لە میانی سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بۆ هەولێر لەنێوانیاندا واژۆکرا.
Top