لەسەر کام گەل و چ دەوڵەتێکی عێراقی بدوێین؟
گومانی تێدا نییە کە دامەزراندنی دەوڵەت بۆ وەدیھێنانی ئاسایش و خۆشگوزەرانیی کۆمەڵگەیە، زۆر لە ڕێبازە ھەمەچەشنەکان ھەوڵیان داوە لە نێوان فەراھەمبوونی پێویستییە گشتییەکانی تاکەکان (کە بە پاڵپشتیکردنی دەسەڵات نەبێت نایەنەدی)، ھەروەھا لەگەڵ ئارەزوویان بۆ پاراستنی ئازادییەکانی تاکەکان ھاوسەنگی ڕابگرن، بەمەش دەوترێت ھاوسەنگیی نێوان دەسەڵات و ئازادی. ئەم ھاوسەنگییە لە کۆمەڵگەیەکەوە تا کۆمەڵگەیەکی تر جیاوازی ھەیە، وێڕای جیاوازی لە خودی چەمکی ئازادی لە نێوان ھەردوو ڕێبازگەی سۆسیالیستی و تاکگەرایی، بەگشتی ئەرکەکانی دەوڵەت لەم خاڵانە چڕ دەکرێنەوە:
١ـ پارێزگاریکردنی ئاسایشی گشتی دەرەکی: ئەمەش ئەرکێکی بەرگرییە کە دامودەزگا سەربازییەکان بۆ سەلامەتی دەوڵەت و تاکەکانی لە دوژمنکارانی دەرەکی پێی ھەڵدەستن.
٢ـ پارێزگاریکردن لە ئاسایشی گشتی ناوخۆ: پێوەندیدارە بە پاراستنی تاکەکان و موڵک و ماڵیان.
٣ـ وەدیھێنانی دادپەروەری: یەکسانبوونی تاکەکان بە پێی چەند یاسایەک کە بە دەقی قەزایی داڕێژرابێت.
ئەم ئەرکانە خەسڵەتی پاسەوانی بە دەوڵەت دەبەخشن، بەرپرسیارێتی دەخاتە ئەستۆیەوە، کە ئەوەش ڕۆڵێکی ئەرێنی دەگێڕێت بۆ دەوڵەت لە بەرانبەر ماف و ئازادییەکانی تاکەکاندا، چونکە دەوڵەت دەڕەتێنێ لە بوارەکانی تەندروستی و خوێندن و ڕۆشنبیری و پرۆژەکانی ئابووری و پەرەپێدان، کەواتە دەستێوردانی دەوڵەت کورت دەکرێتەوە بۆ پاراستن و ڕێکخستنی ماف و ئازادییەکانی تاکەکان، بێ ئەوەی ھیچیان لێ کەم بکاتەوە، کە ئەوانەش بریتین لە ئازادییەکانی ھاتوچۆ و نیشتەجێبوون و ئاسایش، ھەروەھا بیروڕای ئازاد و ڕۆژنامەگەری و کۆبوونەوە و خۆپیشاندان و ئازادییەکانی تری ئایینی و خوێندن و فێرکردن و تاد.
لە بەرانبەردا تێگەیشتنێکی تر ھەیە کە بە دەستێوەردانی دەوڵەت دەناسرێتەوە، بەوەی دەوڵەت لە بوارەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و بازرگانی، ھەروەھا دەستوەردانی دەوڵەت لە کاروباری کۆمەڵایەتی وەک فێرکردن و تەندروستی بۆ دابینکردنی تاکەکانی گەل خاوەنی ئامرازەکانی بەرھەمھێنانی ناو کۆمەڵگەکە بێت، ھەموو ئەمانەش پێویستیان بە بەھێزکردن و پاڵپشتیکردنی دەزگایەکی پتەوی جێبەجێکار ھەیە، بۆیە پێویستە ئەو دەزگایە پسپۆرایەتی و دەسەڵاتەکانی فراوان بکرێت.
چارەسەرێکی مامناوەندانە ھەیە، کە ئەویش دەوڵەتی تێکەڵەیە، کە تێیدا ھەردوو خەسڵەتەکە لە خۆ دەگرێت: واتا ھەم پارێزەر و پاسەوانە و ھەم دەستێوەردەر، ھەم ئاسایشی گشتی تاکەکان دەپارێزێت و ھەم پێداویستییەکانیشیان بۆ دابین دەکات، وەک لە وڵاتانی ئەسکەندەناڤیدا ئەمە ھەیە. لێرەوە دەکرێت بپرسین: ئەو ئاڕاستەیەی لە ساڵی ٢٠٠٣ بە دواوە دەوڵەتی عێراق گرتوویەتیەبەر کامەیانی لەسەر دەچەسپێت؟
دەوڵەتی عێراق بە واتای وشە دەوڵەتێکی بێدەسەڵاتە، بێدەسەڵاتە لە پاراستنی سنوورەکانی وڵات لە بەرانبەر ھەر ھەڕەشەیەکی دەرەکی، فاشیلە لە جڵەوگرتنە دەست و چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوخۆدا، بە ھۆی سیاسەتە ئیقسائییەکانی کە جگە لە پێکھاتەی شیعە ھەموو پێکھاتەکانی تری پەراوێز خستووە، بە ھەنجەتی ئەوەی بە درێژایی مێژوو بەتایبەتیش بە درێژایی فەرمانڕەوایەتی بەعسییەکان شیعە مەغدوور کراوە، بۆیە ئەم دەوڵەتە ناتوانێت دادپەروەری وەدیبھێنێت، تەنانەت ناتوانێت وەک دەوڵەتێکی تەقلیدی ئەرکی پارێزگاریش ببینێت، چ جای ئەو ڕۆڵانەی تری کە بەرژەوەندیی گشتی و بارودۆخی بژێوی خەڵک دەیخوازێت.
کەواتە ئەمە ئەو ئەنجامە خراپەیە کە دەوڵەتی عێراقی بەدەستی ھێناوە پاش دەرچوونی لە بەندی حەوتەمی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە بەندێکی تایبەتی تێدا بوو بە ھەڵگرتنی سزاکان و کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکاو گێڕانەوەی سەروەرێتی بۆ خاکی عێراق، بەڵام چی لێ دروست بوو؟ دەوڵەتێکی ھەڵوەشاوەی بێتوانا لە ئاست ئەرکە تەقلیدییەکانی دەوڵەتیدا، کە ھێزی خۆی دژ بە تاکەکانی ناو وڵات خستۆتەگەڕ، جارێک بە ناوی سەروەرێتی و جارێکیش بە ناوی یەکێتی نیشتمانی و پێکەوەگونجانی کۆمەڵگەیی!
ئەم دەوڵەتە عەرەبییە تا ئەمڕۆش لە پیلاندایە بۆ ھەر ھەوڵێکی کورد کە بە شێوەیەکی یاسایی و بەپێی دابی دەوڵەتییانە و دەستوورییانە بۆ مافی ئەم نەتەوەیە بیدات، بۆیە مافی سروشتی گەلی کوردە بە بێ دەستێوەردانی دەرەکی چارەنووسی خۆی دیاری بکات.
لەمەوە داخوازییەکانی سەرۆک بارزانی لە دوایەمین سەردانیدا بۆ واشنتۆن بریتی بوون لە ڕەوایەتیی مافی گەلی کورد بۆ سەربەخۆبوون و مافی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان، کە لە بەرانبەردا سەرۆک ئۆباما پێشوازییەکی گەرمی لێکرد، بەڵام بۆ حاڵی ئێستا ڕازامەندبوون لەسەر ئەوەی ھەوڵ بدرێت لە چوارچێوەی فیدڕاڵیدا ھەرچی مافی نەتەوەی کوردە دەستەبەر بکرێت، بەڵام حکومەتە یەک لە دوا یەکەکانی عێراقی ئەم دواییە ئەم دەسەڵاتی فیدڕاڵیبوونە قۆرخ دەکەن بۆ خنکاندنی مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان تا بە ناوی دەستوورەوە بزاڤەکانی ئیفلیج بکەن و دەسەڵاتەکانی ھەرێم لاواز بکەن.
ئێستا دەوڵەتی عێراق لە ھەوڵدایە لە ڕووی جیۆگرافیاوە خاکی پارێزگا سوننەکانی بە نموونە وەک ئەنبار بلکێنێتەوە بە قەوارە شیعەکانەوە بە ناوی گێڕانەوەی کاروبارەکان بۆ سەر ڕاستەڕێی خۆی و چاککردنەوەی ھەڵەکانی پێشوو، کە پێشتر حکومەتی بەعس ئەم گۆڕینە دیموگرافیەی ئەنجام داوە، کەچی ئامادە نییە ھەمان سیاسەت بۆ ڕاستکردنەوەی دیموگرافیای کەرکووک و ناوچە کێشەلەسەرەکانی کورد بھێنێتەوە سەر ھەمان ڕاستەڕێگەی دروست.
ئەوەتا حکومەتی عێراق دیسانەوە لە پاش موسڵ بەرفراوانترین پارێزگای عێراقی بۆ داعش بەجێھێشت و دیسانەوە سوپای عێراق ھەڵھاتن، سەرۆک وەزیرانی عێراق ھانا بۆ حەشدی شەعبی دەبات بە فریای بکەون، لە کاتێکدا ئەم حەشدە چەند مانگێکە دامەزراوە و سوپاکەش چەندین ساڵە مەشقی پێدەدرێت و پڕچەک دەکرێت.
کەوتنی ئەنبار بە دەستی داعش دوپات بوونەوەی ھەمان سیناریۆی موسڵە، بە واتا گەڕانەوەی داعش بۆ تکریتیش ئاسانتر دەکات، کەواتە حکومەتی عێراق ھیچ کۆنتڕۆڵی بەسەر ناوچە سوننەکاندا نەماوە، ڕەنگە بەغدای پایتەختیش بکەوێتە ناو ھەمان پلانی داعشەوە.
ئەمە بریتییە لە داکوتانی سنگ لەسەر ئەو دابەشبوونەی لە پاش ساڵی ١٩٩١ ڕوویداوە، نەک لە ساڵی ٢٠٠٣ وەک جیھانی عەرەبی (بایدن)ـی پێ تۆمەتبار دەکەن بەوەی لە ٢٠٠٧ ئەم پلانەی دانابێت.
بڕیاری ٦٨٨ی ساڵی ١٩٩١ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئەوە بوو ھێڵی ٣٦ بکرێتە نەوایەکی ئارام بۆ کوردستان، ھەروەھا ئاسمانی ناوچە شیعیەکانیش دەپاراست لە فڕۆکەکانی بەعس کە کەوتبوونە باشووری ھێڵی ٣٢، ئەوکات سوننە لە ھاوکێشەی پاراستن وەدەرنرابوو، نەک بەو خەسڵەتەی لایەنگری ڕژێمی بەعسین، بەڵکو بۆ بەرجەستەبوونی دابەشبوونەکە بەپێی تایفەگەری و لەسەر جیۆگرافیای ھەرسێ پێکھاتەی کورد و سوننە و شیعە، کەواتە ناھەقییە بەرانبەر سەرۆک بارزانی دەکرێت، ئەگەر وابزانرێت بە دروستکردنی کیانی دەوڵەتی نەتەوەیی کوردی ھەوڵ دەدات قۆرخی ئەم دۆخە ھەڵوەشاوەی عێراقی فاشیل بکات.
ھەمیشە کورد ھاوپەیمانی سیاسەتە نیشتمانییەکانی عێراق بووە، بە بەڵگەی ئەوەی زۆربەی زۆری کۆنگرە و سیمینارەکانی تایبەت بە دۆزینەوەی چارە بۆ ئەم دۆخە نالەبارەی عێراقی پاش سەدام لە سەر خاکی کوردستان ئەنجام دراون، ھەر کوردستانیش بووەتە لانکەی ھەموو ئەو عەرەب و پێکھاتانەی تر کە لە شوێنەکانی ترەوە لێیان دەقەومێت.
داخوازیکردن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی چارەسەری بنەڕەتی قەیرانی حکومەتی عێراقییە پاش ئەوەی ھەموو ڕێگە دەستوورییەکانی لە کورد داخستوون و ھیچ بوارێکی بۆ دیالۆگ و تێگەیشتن نەھێشتۆتەوە، ئێستا کاتی ئەوە ھاتووە بە پێی ڕاڤە و شیکارکردنی ئەو دۆخەی عێراق تێیکەوتووە کە دەوڵەتێکە ناتوانێت ڕۆڵی تەقلیدی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ھاووڵاتیانی خۆی بگێڕێت و ئەوەتا ھانا بۆ گرووپگەلێکی میلیشیایی و بەکرێگرتە دەبات لە بری سوپای عێراقی دەوڵەتەکەی پێ بپارێزێت، ھەمووی بەڵگەن لەسەر بێتوانایی دەوڵەتی عێراق لەبەرانبەر ئەرکی بەرگریکردن لە خاک و ھاووڵاتیانی خۆیدا، باشترین بەڵگەش ڕاگەیاندنەکانی ئێرانە کە ئامادەباش بوون بۆ دەستێوەردان و گێڕانەوەی خاکە زەوتکراوەکانی عیراق لە دەستی داعش، کەواتە ئێستا عێراق نە خاوەنی سەروەرێتییە، نە دەسەڵاتی پارێزگاریکردنی لە خاک و گەلەکەی ماوە، یەک لەسەر سێی خاکەکەی بۆ داعش بەجێھێڵاوە، گەلی عێراقیش دابەش بوونەتە سەر سوننەیەکی یاخی بە سیاسەتەکانی حکومەت و کوردێکی ناڕازی بەم شێوە حوکمەی ئێستا و مەسیحیەکی ھەڵھاتوو لە وڵاتێک کە پڕی تەکفیری بووە بۆ لەناوبردنی پێکھاتەکانی تر، تورکمانێکی دابەشبوو بەسەر چەندین تەوژمی ھەمەجۆردا، کە ھەندێکیان شیعەمەزھەبن، ھەندێکیشیان تۆرانین و داواکانیان نزیکە لە داواکانی تورکە قوبڕوسییەکانەوە و ...تاد
کەواتە لەسەر کام گەل و کامە دەوڵەتی عێراقی یەکگرتوو قسە بکەین!؟
