سەرۆك بارزانی: لەسەر دەستی پێشمەرگە داعش تێك دەشكێندرێت.. ئەمەریكا گەرەنتیی داوە چەك بگاتە پێشمەرگە
سەبارەت بە گرتنەوەی مووسڵ، (سەرۆك بارزانی) گوتی: "ئامادەكاری كراوە بۆ ئەوەی لە زووترین كاتدا مووسڵ لە دەستی داعش ئازاد بكرێت".
راشیگەیاند، پێویست ناكات چیتر مووسڵ، چاوەڕوانی ئازادكردنی خۆی لەمە زیاتر بكات. (سەرۆك بارزانی) سەرسووڕمانی خۆی نیشان دا كە چۆن شاری ڕەمادی كەوتە دەست داعش و دەبێت لێكۆڵینەوە لەو بارەیەوە بكرێت .
سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەروەها جارێكی دیكە سوپاسی هاوپەیمانانی كرد لە هاوكاریكردن و یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان و، ئەوەشی خستە ڕوو كە بوونی داعش هەڕەشەیە بۆ سەر ناوچەكە و لە سووریا و عێراقیش چەكێكی زۆریان كەوتووەتە دەست.
لەبارەی پڕچەككردنی هێزی پێشمەرگەیشەوە، (سەرۆك بارزانی) ئاماژەی دا: "ئێمە حەز دەكەین بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ چەك بگاتە هێزی پێشمەرگە و لەم ڕووەیشەوە ئەمەریكا گەرەنتیی داوە كە بە زووترین كات چەك بگاتە هێزی پێشمەرگە".
هەروەك (سەرۆك بارزانی) گوتیشی: "هێرشە ئاسمانییەكانی هاوپەیمانان، پاڵپشتییەكی باشن بۆ ئێمە و من دڵنیاشم بە تێپەڕبوونی كات، لەسەر دەستی پێشمەرگە، داعش بە تەواوەتی تێك دەشكێنرێت و، گومانیشی تێدا نییە عێراق و سووریا وەك دۆخی پێشوویان نامێننەوە".
