پێشمەرگە ھەموو گوندە کوردیەکانی لەکەرکوک ئازاد کردووە

پێشمەرگە ھەموو گوندە کوردیەکانی لەکەرکوک ئازاد کردووە
گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتیی دیموکراتی کوردستان کەرکوک_گەرمیان دەڵێت، لەسەرەتای ئەم ساڵە ھێزی پێشمەرگە توانیوویەتی ھاوشێوەی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان ئەمنیەت بۆ شاری کەرکوک دابین بکات ورێگری لەدزەکردنی تیرۆرستان بکات وتیشی، ھیچ گوندێکی کوردی لەدەست داعش نەماوە.

گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتیی دیموکراتی کوردستان کەرکوک_گەرمیان عەدنان کەرکوکی راگەیاند:" لەئێستادا دۆخی کەرکوک باشە بەتایبەتی کە ھێزی پێشمەرگە دەیانپارێزی وئەوەی پێشتر تیرۆرستان لەناوچەکانی سوپای عێراق ئۆپراسیۆنەکانی دیجلەی لێبوو دەیانکرد، ئێستا پێشمەرگە کۆنترۆڵی ئەو دەروازانەی کردووە ورێگا نادات تیرۆرستان دزە بکەنە ناو شاری کەرکوک، بەڵام ژمارەیەکی زۆری ئاوارەی رومادی وتکریت ودیالە ھەیە کە ژمارەیان زیاترە لە٤٥٠ھەزار کەس وئەوەی جێی داخە کۆمەڵێک لەو خێزانانە دەیانەوێت بگەرێنەوە، بەڵام لەلایەن حکومەتی عێراق رێگریان لێدەکرێت وھاوکاریان ناکرێت ئەمەش بۆ ئەو ناکۆکیە تاییفیەی نێوان سونە وشیعە دەگەرێتەوە .

عەدنان کەرکوکی گوتیشی: لەئێستادا ھێزی پێشمەرگە ھاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی ھەرێم ئەمنیەتیان بۆ کەرکوک دروست کردووە، بەتایبەتی لەمانگی یەکی ئەم ساڵ بەدواوە دوای ئەو پێشرەویانەی پێشمەرگە کە تیرۆرستانی داعش دوورخستەوە وچەند ناوچەیەکی رزگارکرد .

گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتیی دیموکراتی کوردستان کەرکوک_گەرمیان ئاماژەیدا: لەئێستادا ھێزی پێشمەرگە ھەموو گوندە کوردەکانی سنوری پارێزگای کەرکوکی ئازادکردووە وھیچ گوندێکی کوردی لە ژێر دەستی داعش نەماوە وئەوەی کە ماوە عەرەب نشینن وەکو رەشادوحەویجە وعەباسی کە بەداخەوە ھەندێک لەخەڵکی ئەو ناوچانە ھاوکارن لەگەڵ تیرۆرستانی داعش.
Top