وەزیری شارەوانی: ١٢ هەزار و ٥٠٠ زەوی کارت لە هەولێر دەکرێنە تاپۆ

وەزیری شارەوانی:  ١٢ هەزار و ٥٠٠ زەوی کارت لە هەولێر دەکرێنە تاپۆ
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لەماوەی رابردوودا لە پارێزگای هەولێر زیاتر لە چوار هەزار زەوی کارت کراونەتە تاپۆ، دەشڵێ 12 هەزار و 500 زەوی دیکەش کە هەموویان کارتن لە دوو هەفتەی داهاتوودا ئەوانیش تاپۆ وەردەگرن.

نەورۆز مەولوود، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان لەبارەی بابەتی زێدەڕۆیی لەسەر زەوییەكانی شارەوانی و كشتوكاڵ، رایگەیاند : تا ئێستا ئەنجوومەنی وەزیران بە پەرۆشەوە سێ تا چوار کۆبوونەوەی لەوبارەیەوە ئەنجامداوە، بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەیەکی باڵای بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیرە پەیوەندیدارەکان پێکهێناوە، لە دوایین کۆبوونەوەش خودی بەڕێز سەرۆکی حکومەت ئامادەی کۆبوونەوەکە بوو، فەرمانێک دەرچوو بە واژۆی سەرۆکی حکومەت، بۆ نەهێشتنی دیاردەی زێدەڕۆیی، ئەو فەرمانەش ئاراستەی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان کراوە، ئەوانیش ئەرکی خۆیان جێبەجێدەکەن .

مەولوود، ئاماژە بەوە دەدات، لە هەر شوێنێک زێدەڕۆیی بکرێت، دەبێت ئاگاداری لایەنی پەیوەندیدار بکرێت، بۆ نموونە ئاگاداری یەکە ئیدارییەکان دەکرێت یاخود لەسەر شارەوانییەکان و سەرۆک شارەوانییە داوا بجوڵێنێت لەسەر ئەو زێدەڕۆییەی کراوە، تاکو داوا دەجوڵێندرێت تاکو دادگا یەکلایی دەکاتەوە، زێدەڕۆییەکە کراوە. ئاماژە بەوەش دەدات "بۆشاییەکی یاسایی وایکردووە ئەم دیاردەیە پەرەبسێنێت، بۆ ئەمەش لە ئەنجوومەنی وەزیران دوای گفتوگۆکان درکمان بەوە کردووە، کە کەلێنێک هەیە و دەبێت بە زووترین کات بە بڕگەیاسایەک چارەسەر بکرێت.

سەبارەت بەو زەویانەی کارتن و تا ئێستا تاپۆ نەکراون، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان گوتی: "لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لیژنەمان پێکهێناوە، کار دەکرێت بۆ ئەوانەی کارتیان هەیە بکرێتە تاپۆ، لەو بارەیەوەش قۆناغێکی زۆر باش چووینەتە پێشەوە لە پارێزگای هەولێر 4 هەزارو 500 کارتمان کردووەتە تاپۆ و هاووڵاتیان وەریانگرتووە".

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار موژدە بەوانەش دەدات، کە کارتیان هەیە، دەڵێت: "12 هەزار و 500 کارتی دیکە لە دوو هەفتەی دیکە دەتوانن لە تاپۆکانی هەولێر وەریبگرن، کارتەکانیش ئەوانەی گردجوتیار لە بەحرکەن"، سەبارەت دابینکردنی شوێنی نێشتەجێبوون و دابینکردنی زەوی بۆ پێشمەرگە، وەزیری شارەوانی ئاماژە بەوە دەدات، ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە حکومەت درکی بەو حاڵەتە کردووە کە پێشمەرگە هەیە پێویستی بە جێگەی نیشتەجێبوونە، دەشڵێت: " ئەوانەی سوودمەند نەبوون لە وەرگرتنی زەوی، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرنامەی داناوە بۆ خاوەن شەهیدان و پێشمەرگەکان خانوو یان شوقەیان بۆ دروست بکات، خۆشیان سەرپشک دەکرێن لەوەی خانوویان پێبدرێت یان زەوی".

سەبارەت بە دابەشکردنی زەوی بەسەر چین و توێژەکان بە گشتی، نەورۆز مەولوود، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان روونیدەکاتەوە، کە لەو بارەیەوە زۆر کار کراوە بۆ نەهێشتنی قەیرانی نیشتەجێبوون، یەکێک لەوانە دابەشکردنی زەوی بووە بەسەر چین و توێژەکان، "بەڵام کە زانرا ئەم دابەشکردنی زەوییە خەڵک ناکات بە خاوەن خانوو، بەدیل بۆ ئەوە دروستکردنی دەستەیەکی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی کەمدەرامەت و کرێنشینەکان بۆ ئەوەی خانوو و شوقەیان بۆ دروست بکرێت بە خزمەتگوزارییەکانەوە، ئەمەش سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و بە زووترین کات جێبەجێدەکرێت".



























تێبینی: ئەمە چاوپێكەوتنی وەزیری شارەوانی بوو لە كەناڵی روداو
Top