پەرلەمانی کوردستان لیژنەکەی دەستووری پەسەندکرد

 پەرلەمانی کوردستان لیژنەکەی دەستووری پەسەندکرد
لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستاندا، 20 ئەندامی لیژنە 21 کەسییەکەی دەستوور پەسەندکران و تەنیا 1 ئەندام ماوە دیاریبکرێت، کە ئەویش نوێنەری هەر چوار حیزبی (بزووتنەوەی ئیسلامی، شیوعی، سۆسیالیست و ئاراستەی سێیەم)ە، بەڵام ئەو چوار لایەنە پێشتر رایانگەیاند، کە کاندیدیان نابێ.

ئەمڕۆ چوارشەممە 20-5-2015، پەرلەمانی كوردستان ئەو كەسانەی هەڵبژارد كە لەلایەن حیزبەكانەوە پێشنیازكراون بۆ ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای دەستووری كوردستان-عێراق بۆ راپرسی.

21 كورسییەكەی ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای دەستووری كوردستان-عێراق بۆ راپرسی، بەمجۆرە بەسەر حیزبەكاندا دابەشكراوە: پارتی 7 كورسی‌، هەریەك لە یەكێتی ‌و گۆڕان 4‌ کورسی ، یەكگرتوو 2كورسی‌ و كۆمەڵی ئیسلامی ‌و توركمان ‌و مەسیحییەكانیش هەریەكەیان یەك كورسی ‌و بۆ چوار حیزبەكەش كە پێكهاتوون لە (شیوعی‌، بزووتنەوەی ئیسلامی، ئاڕاستەی سێیەم ‌و سۆسیالیست) بەیەكەوە یەك كورسی دیاریكراوە، بەڵام وەك خۆیان دەڵێن كاندیدیان بۆ ئەو كورسییە نابێت.

ئەو لیژنەیە تەنها ٩٠ رۆژیان لەبەردەستە بۆ ئامادەکردنی دەستوور، ئەگەر کارەکانیان لەو ماوەیە تەواونەکرد، پەرلەمان بۆیان درێژدەکاتەوە.







رووداو
Top