میحوەری خازر.. فڕۆکەکانی هاوپەیمانان داعش بۆردووماندەکەن
موقەدەم دڵشاد مەولوود، بەرپرسی راگەیاندنی فەرماندەی زێرەڤانی رايگەیاند: لە کاژێر 10ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 20-5-2015 بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرماندەی پێشمەرگەی زێرەڤانی، فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان ژمارەیەک بنکەی چەکدارانی داعشیان لە گوندی موفتی ، کە دەکەوێتە میحوەری خازر بۆردوومان کرد.
موقەدەم دڵشاد مەولوود سەبارەت بە زیانەکانی داعش لەو بۆردوومانە گوتی: "بۆردوومانەکان بووەتە هۆی خاپوورکردنی بنکەی داعش و هەروەها ژمارەیەک ئۆتۆمبێلیان تێکشکێندرا و ژمارەیەک لە چەکدارانی داعش لەناو بنکەکانیان کوژراون، کە ژمارەی دروستیان لەبەردەستمان نییە".
بەرپرسی راگەیاندنی فەرماندەی زێرەڤانی گوتیشی: "بۆردوومانکردنی ئەو ئامانجانە لەلایەن فڕۆکەی هاوپەیمانان لەسەر زانیاریی هەواڵگری سەربازی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی بووە".
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو فڕۆکانەی گوندی موفتییان بۆردوومانکردووە کەنەدین و لەلایەن هەواڵگریی زێرەڤانی زانیارییان پێدراوەو دووجاری لەسەر یەک بۆردوومانیان کردووە.
رووداو
