سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ فەرماندەی میحوەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان كۆبۆیەوە
لەم كۆبوونەوەیەدا كە بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیرانی پێشمەرگە و ناوخۆ و تەندروستی و ئاوەدانكردنەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، بە خولەكێك وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاكی شەهیدانی كوردستان و شەهیدانی شەڕی دژی تیرۆریستان دەستی پێكرد و ئامادەبووان هیوای چاكبوونەوەیان بۆ بریندارانی شەڕی داعش خواست و خۆڕاگری و قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان لە بەرانبەر تیرۆریستان بەرز نرخاند.
لەم دیدارەدا سەرۆك بارزانی تیشكی خستە سەردانەكەی بۆ ئەمەریكا و وڵاتانی ئەوروپایی و جەختی لەوە كردەوە كە سەرۆك و بەرپرسانی جیهان بە ڕێز و پێزانینەوە دەڕواننە قارەمانێتیی پێشمەرگە و سەرەخۆشیشیان لە گەلی كوردستان كردووە بۆ ئەو پێشمەرگانەی گیانی خۆیان بەخشیوە و شەهید بوونە و دەستخۆشیشیان لە سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كردووە.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا فەرماندە مەیدانییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان باسیان لە بارودۆخی بەرەكان و گوزەرانی پێشمەرگە و پێداویستییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كرد و تێبینی و پێشنیارەكانی خۆیان بۆ باشتركردنی بارودۆخی پێشمەرگە و بەرەكانی شەڕ خستە ڕوو. هەر لەم كۆبوونەوەیەدا جێگری سەرۆك و وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەڵێنی ئەوەیاندا كە كار بۆ نەهێشتنی كەموكورتییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بكەن و پشتگیریی تەواوی خۆیشیان بۆ هێزی پێشمەرگە و خێزانی شەهید و پێشمەرگەكان و هەروەها چارەسەركردنی بریندارانی شەڕی تیرۆریستان دووپاتكردەوە.
