100 مامەڵەی ساختەكاریی پاسپۆرت لە هەولێر ئاشكرا بوون
بەڕێوەبەری پاسپۆرتی هەولێر عەمید (دیدار عومەر)، بە KDP.info-ی راگەیاند، "لەو ماوەیەدا چەند ساختەكارییەكی ئاوارە عەرەبەكان لە هەولێر ئاشكرا بوون و 100 مامەڵەمان دەستبەسەر كردوون، چونكە ویستوویانە بە ساختە پاسپۆرت دەربهێنن، هەندێكیان رەگەزنامە و باری كەسییان ساختە كردوە، یان وێنەی باری كەسییان دەستكاریی كردووە، بەڵام بەسەرماندا تێپەڕ نەبووە و ساختەكارییەكانیان ئاشكرا بوون".
عەمید (دیدار) جەختی كردەوە كە، لەگەڵ هەندێك لایەنی ئەمنی هەماهەنگییان هەیە و بە بێ ئەو هەماهەنگییە پاسپۆرت بە خەڵكی عەرەب نادەن.
گوتیشی، "بەشی قەدەخەكردنی گەشتكردن لەسەر تاوانباران هەیە، ئەو كەسانە ناوەكانیان لای ئێمە و فڕگەی نێودەوڵەتیی هەولێر و مەرزەكان هەیە و پاسپۆرت بۆ ئەوانە دەرناكرێت و دەستگیر دەكرێن".
بەڕێوەبەری پاسپۆرتی هەولێر ئاماژەی بە دەرهێنانی پاسپۆرت بۆ ئاوارەكان كرد و گوتی، "ڕۆژانە 500 مامەڵەی ئاوارەی عەرەب و مەسیحی وەردەگرین، چونكە ئاوارەیەكی زۆر لە هەولێرن و دەیانەوێت پاسپۆرت دەربهێنن و بڕۆنە دەرەوە، نزیكەی 12 هەزار پاسپۆرتیش بۆ ئەو كەسانە دەرهێندراوە".
ئەو بەرپرسەی پاسپۆرت، ئاماری دەركردنی پاسپۆرتی لە ئەمساڵداخستە ڕوو و ڕایگەیاند، "ئەمساڵ تەنیا لە هەولێر زیاتر لە 100 هەزار پاسپۆرت دەركراوە و بەرزبوونەوەی ئەو ژمارەیەیش هۆكارەكەی ئاوارەكانن".
