جۆن کیری: رێککەوتنی هەولێر و بەغدا هەنگاوێکی گەورەیە

 جۆن کیری: رێککەوتنی هەولێر و بەغدا هەنگاوێکی گەورەیە
جۆن کیری وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە برۆکسل لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەو پیرۆزبایی رێککەوتنی هەولێر و بەغدای لێکرد لەسەر پرسی نەوت و بودجە.

ئەمڕۆ (چوارشەممە 3-12-2014) لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا کۆبوونەوەی وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی دەوڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش) بەڕێوەچوو.

لەمیانی کۆبوونەوەکەدا کیری لەگەڵ عەبادی کۆبووەوەو پیرۆزبایی لە عەبادی کردووە بەبۆنەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی نەوت و بودجە و گوتوویەتی: "ئەوە هەنگاوێکی گەورەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش، هەروەها رێککەوتنێکی گەورەشە بۆ عێراق".

رۆژی سێشەممە (2-12-2014) حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق رایانگەیاند كە لەسەر هەناردەكردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی كوردستان و ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی كەركووك لە رۆژێكدا بە چاودێری بەغدا رێككەوتن بەرامبەر بە ناردنی پشكی 17%ی كوردستان لە بودجەی فیدراڵی.

هاوكات بەپێی رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بڕیارە حكومەتی عێراق بە بەهای ترلیۆنێك و ٢٠٠ ملیار دیناری عێراقی هاوكاری هێزی پێشمەرگەی كوردستان بكات و ٣ ترلیۆن دیناری دیكەش وەك كرێدەستی كۆمپانیا بیانییەكانی بواری نەوتی كوردستان بۆ هەولێر بنێرێ.







رووداو
Top