پەرلەمان دەنگ بە ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆمسیاران و راپرسیی ھەرێمی کوردستان دەدات

 پەرلەمان دەنگ بە ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆمسیاران و راپرسیی ھەرێمی کوردستان دەدات
سبەی چوارشەممە لە پەرلەمانی کوردستان، پرۆسەی دەنگدان بۆ ئەو نۆ کەسە ساز دەدرێ کە وەک کاندیدی ئەنجوومەنی کۆمسیاران دەستنیشان کراون.


ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی زەرد(نازم ھەرکی) بە kdp.infoی راگەیاند: "وەها بڕیارە سبەی چوارشەممە، پەرلەمانی کوردستان کۆ ببێتەوە و تێیدا دەنگ بە ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی کوردستان بدات، کە لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتی پەرلەمانەوە نۆ کەس بۆ ئەو ئەنجوومەنە دیاری کراون."

دەربارەی چۆنیەتیی دیاریکردنی ئەندامەکانیش، (نازم ھەرکی) گوتیشی، "لەو نۆ ئەندامە، سێ ئەندام بۆ پارتیی دیموکراتی کوردستان، دوو ئەندام بۆ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، دوو ئەندام بۆ بزووتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتووی ئیسلامییش ھەر یەکەیان ئەندامێکیان بەردەکەوێت."

پێشتر پەرلەمانی کوردستان پڕۆژەیاسای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی کوردستان پەسەند کرد و بڕیار درا کە، پێویستە لە ماوەی 90رۆژدا ئەو کۆمسیۆنە دروست بکرێت، ئەگەرچی هێشتا ئەو 90رۆژە تەواو نەبووە، بەڵام بڕیارە کۆمسیۆنەکە دروست بکرێت.

جێی ئاماژەیە، زیاتر لە 250کەس سی ڤیی خۆیان بۆ بوون بە ئەندام لەو کۆمسیۆنە پێشکەش کردبوو، بەڵام لەلایەن لیژنەی تایبەتی پەرلەمانی کوردستانەوە نۆ کەس لەو ژمارەیە ھەڵبژێردراون.
Top