جارێكی دیكە عێراق ناتوانێت لەسەرچاوەی هێزەوە قسە لەگەڵ كوردستان بكات
هەروەها قوباد تاڵەبانی گوتی: ئەركی سەرەكیی حكومەت پاراستنی هاووڵاتیانە و دوای ئەوە گەیاندنی خزمەتگوزارییە بۆیان، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان رووبەڕووی دوو شۆكی زۆر گەورە بۆتەوە، ئەو شۆكانەش هێندە گەورەن لەوانەیە زۆر لە حكومەتەكانی ئەم دنیایە نەتوانن بەرگەی بگرن، دیارە شۆكی یەكەم بڕینی بڕە بودجەی كوردستان و مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان بووە، راستە وڵاتان رووبەڕووی قەیران دەبنەوە، بەڵام هیچ حكومەتێكم نەبینیوە لە شەو و رۆژێكدا هەرچی داهاتی هەیە، بیبڕێت، كوردستان رووبەڕووی ئەم شۆكە بۆتەوە، شۆكی دووەم ئەو جەنگە نەخوازراوەیە كە كوردستان رووبەڕووی بۆتەوە، ئەم جەنگە جگە لەوەی ژمارەیەكی یەكجار زۆر پێشمەرگە قوربانی داوە، لەهەمانكاتدا ئەم شەڕە خەرجییەكی یەكجار زۆری دەوێت، ئەمەش باری حكومەتی گرانتر كردووە، ئەوجا لە شۆكی دووەمەوە شۆكێكی دیكە لەدایك بووە، ئەویش شۆكی ئاوارەكانە، ئاكامی ئەو جەنگەیە كە كوردستان رووبەڕووی بۆتەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان توانیوویەتی شۆكی یەكەم ئیدارە بكات، هەروەها پشتیوان بەخواو هێزی پێشمەرگەش، توانیوومانە ئیدارەی شەڕەكەش بدەین، ئەوەی جێگەی خۆشحاڵیە رۆژ لەدوای رۆژ چ لەرووی حوكمڕانی و چ لەرووی بەڕێوەبردنی جەنگەوە بەرەو سەركەوتن و دەربازبوون دەچین لەو قەیرانانە.
شایانی باسە تاڵەبانی گوتی: سەردانمان بۆ دهۆك بەشێك بووە لە بڕیاری حكومەت بەوەی پێویستە بچینە دهۆك بۆ ئەوەی بزانین وەك ئەنجوومەنی وەزیران چۆن و چیمان لەدەست دێت بۆ ئاوارەكانی بكەین، تۆ سەرەتا باسی بەدبەختیت كرد، بەڵام من پێموایە لەم پرۆسەیەدا لە هەموومان بەدبەختر پارێزگاری دهۆك بوو، كە لەیەكەم رۆژی دەستبەكاربوونییەوە زیاتر لە 800 هەزار ئاوارە روویان لە پارێزگای دهۆك كرد، ئەمەش وایكرد، بكەونە ژێر بارێكی زۆر زۆر قورس، بۆیە حكومەت بە پێویستی زانی سەردانی دهۆك بكەین، ئەمەش بارگرانی دروستكردووە، ئەو بارگرانییەی دووجۆرە، جۆرێكیان ئەوەیە دەتوانیت هەڵسەنگاندنی بۆ بكەیت، وەك ئەوەی حكومەتی هەرێم چەند پارەی تەرخانكردووە بۆ ئەو ئاوارانە، بۆ دروستكردنی كەمپەكان، بۆ كڕینی دەرمان.
لە درێژەی دیدارەكەیدا قوباد هەروەها گوتی: كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوكاری كردووین و جێگەی سوپاس و دەستخۆشییە، ئەم هاوكارییانە زۆر پێویست بوون و گرنگیشە بەردەوام بێت، بەڵام دابەشكردن و بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەت، یان لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەت مامەڵەی لەگەڵ نەكراوە، راستە نوێنەری نەتەوەیەكگرتووكان و نوێنەری ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان لە كوردستانن و لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار پێكەوە كار دەكەن، بەڵام ئومێد و مەزندەی ئێمە بۆ هاوكارییەكان زۆر زیاتر بوو، مەزندەمان دەكرد ئاستی هاوكارییەكان زیاتر بوایە و بە هەماهەنگیەكی زیاتر لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان مامەڵەی لەگەڵ بكرایە، لایەنێكی دیكە دەبوو حكومەتی عێراق بەرپرسیارانە مامەڵەی لەگەڵ ئەم قەیرانی ئاوارانە بكردایە و هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان بكات، هەرچەندە بەڕێز ساڵح موتڵەگ چەندین جار سەردانی كوردستانی كردووە و دەورێكی كاریگەری بینیوە.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1003)
