دەبێت دیموكراتی و لێبوردەیی و پێكەوەژیانی كوردستان ببێتە مۆدێل بۆ عێراق و دەوڵەتانی كەنداو
هەروەها مەحمود ئەیوب گوتی: خەڵكانێكی زۆر هەبوون خۆبەخشانە هاوكاری داعشیان كرد. ئەمڕۆش گوێم لە راپۆرتێك بوو لە رادیۆ كە داعش چەكێكی زۆریان هەیە و لە سوپای عێراقەوە بەدەستیان هێناوە، كە دەتوانن بەلای كەمەوە بەو چەكانەی هەیانە بۆ ماوەی سێ ساڵ شەڕ بكەن، پێموایە پێشمەرگەی كوردستان رۆڵێكی زۆر گرنگ دەبینێت لە شەڕی دژی داعش و رەنگە ئەوان رێكخراوترین هێز بن بۆ ئەوەی لە دژی داعش بەرگری بكەن.
شایانی باسە ئەیوب گوتی: من دەمەوێت موناقەشەیەكی ئەكادیمی ئەم مەسەلەیە بكەم. داعش هیچ مافێكی نییە كە ئاین بسەپێنێت بەسەر -بەلای كەمەوە- «اهل الكتاب»دا، كە مەسیحی و جوولەكەكانن، لە رۆژگاری ئێستاشدا و لە روانگەی پەیماننامە نێودەوڵەتییەكانەوە ناتوانن ئایینی خۆیان بەسەر كەسدا بسەپێنن. هەروەها ئەوان دژی خودی قورئانیش دەوەستنەوە كە دەفەرموێت: «لا اكراه فی الدین»، ئێزدییەكان هاووڵاتیەكی عێراقین و بە چەشنی هەر هاووڵاتیەكی دیكە مافیان هەیە و ئێمە ناتوانین ئیسلامی سەدەی حەوت بەسەر رۆژگاری سەدەی بیست و یەكدا جێبەجێ بكەین. دەبێت ئیسلامێك پیادە بكەین كە قسە لەگەڵ رۆژگاری مۆدێرندا بكات و ئیسلامیش ئەو توانایەی هەیە، بۆی هەیە ئیسلام جیهانیترین شارستانیەت بێت لە دنیادا بەهۆی ئەو هەموو گرووپە ئیتنییەی هاتوونەتە ناو ئیسلامەوە، ئیسلامیش دەتوانێت خۆی لەگەڵ سەدەی بیست و یەكدا بگونجێنێت و زۆرێك لە حوكمەكانی سەدەی حەوت و هەشت پیادە نابێت.
لە كۆتاییدا مەحمود گوتی: نابێت رۆڵی نوری ئەلمالیكی زۆر گەورە بكەین، ئەو كارێكی ژیرانەی نەكرد كاتێك ژمارەیەكی زۆری سوننەی كوشت و زۆر نزیك بۆوە لەگەڵ ئێراندا، ئومێدەكە ئەوەیە سەرۆكی نوێی حكومەتەكە باشتر بێت. پێموایە كەس نایەوێت یەكێتی و یەكپارچەیی عێراق بكاتە قوربانی. باوەڕم وایە داعش بەلای كەمەوە لە ساڵی 2006ـەوە دەستی پێكرد، ئەگەر زووتریش دەستی پێنەكردبێت، مالیكی رۆڵی بینی، بەڵام داعش بە بوون و نەبوونی مالیكی پەرەی دەسەند.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1002)
