ئەوەی تیرۆریستانی داعش بەرامبەر كوردانی ئێزیدی و بە كۆیلەكردنی ئافرەتانیان كردوویانە بناخەی جینۆسایدە

ئەوەی تیرۆریستانی داعش بەرامبەر كوردانی ئێزیدی و بە كۆیلەكردنی ئافرەتانیان كردوویانە بناخەی جینۆسایدە
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان پڕۆفیسۆر ئان دۆگلاس تایبەتمەند لەسەر پرسی جینۆساید بۆ گوتى: داعش لە چەندین جۆرە تاوانی نێودەوڵەتییەوە تێوەگلاوە، پێدەچێت بە راددەیەكی گەورە لە روانگەی بەڵگە هەلومەرجییەكانەوە، توخمی ئەنجامدانی جینۆساید لە ئارادا بێت. رەنگە ئێوەش ئەوە بزانن كە رێككەوتنی جینۆساید، رێگەگرتن لە جینۆسایدیش دەگرێتەوە. هەروەك – تاوانی جینۆساید- لایەنی نییەت و لایەنی هزریش لەخۆدەگرێت، بە دڵنیاییەوە پێدەچێت داعش ئەم حاڵەتەی بەسەردا جێبەجێ ببێت. هەروەها دەبێت ئاست و مەودای تێوەگلانەكەش لەبەرچاو بگیرێت، بەتایبەتی كە باسی سەدان هەزار قوربانی دەكەین. هەروەها دەبێت وریا بین لە پۆڵێنكردنی ئەوەی كە دەچێتە چ خانەیەكی تاوانەوە، بەدڵنیاییەوە لایەنە هزرییەكە ئامادەیە، بەڵام لە هەمان كاتدا دەبێت بچەسپێندرێت. ئاستی دووەم بریتییە لە یەكلاكردنەوەی ئەمەو دیاریكردنی، ئەزموونی ئێمەش پێمان دەڵێت رێگەیەك نییە بۆ ئەنجامدانی ئەم كارە لە سایەی ئەم بارودۆخەی ئێستادا لە پێوەندی بە یاسای نێودەوڵەتیی تاوانەوە، چونكە رێگەیەك نییە بۆ هێنانە پێشەوەی ئەم كەیسە. رەنگە پێناسەكردنی جینۆساید هەندێ كاریگەری هەبێت، بەڵام من نازانم چۆن لەسەر ئەرزی واقیع هاوكاری ئەو كەسانە دەكات.

ئان دۆگلاس هەروەها گوتی: پێموایە داعش بەرهەم و بەرئەنجامی ئەجێندای تایەفەگەری سەپێندراوی بیست ساڵی رابردووە بەسەر عێراقدا، بەلای منەوە لە ئێستادا داعش تەركیز لەسەر سووریا دەكات، وەك بەشێك لە هەوڵەكانی بۆ تێكدان و شپرزەكردنی جووڵە و بزاوتی خەڵك لەوێدا، ئەوەش كاریگەری هەبوو لەسەر عێراق. من هیچ زانیارییەكم نییە لەبارەی رژێمی پێشووەوە، ئەگەرچی پێكهاتەیەكی دیاریكراو بەرهەڵستی داعشیان نەكرد لە كاتی پێشڕەوییەكەیدا، لەبەر هەندێ هۆكار، هەروەك ئەوەی لەم هاوینەدا بینیمان كە هەندێ هەوڵدرا بۆ دووبارە دروستكردنەوەی هاوسەنگیی سیاسی پێش ئەوەی مالیكی دەستبەرداری دەسەڵات بێت. بەڵام لەو كاتە بەدواوە دەقاودەق روون بۆوە كە داعش چییە و باوەڕم بەوە نییە هیچ پێوەندییەكی بە سوپای پێشووی عێراقەوە هەبێت.

شایانی باسە پڕۆفیسۆر ئان لە درێژەی دیدارەكەیدا گوتی: ـ ئێمە ئەم دۆخەمان لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا لە عێراق بینیوە، كە تێكشكاندنی پرۆسەی خوێندن بەشێك بووە لە تێكشكاندنی نەتەوەكە، لێرەدا من هەوڵ دەدەم بگەڕێمەوە بۆ وێنە گەورەكە، ئەگەرچی ئێستا ئێمە لە نێو قەیرانێكی بەپەلەداین. وەك ئەوەی من دەیبینم، ئەویش ئەوەیە داعش بەرهەمی ئەجێندایەكی تایەفەگەرییە لە جیهانی عەرەبی و لە عێراقیشدا، بەهۆی هۆكارە جیوپۆلەتیكی و جیۆئابوورییەكانەوە بەرپاكراو پێدەچێت ئەو ئەجێندایەش لە پەرەسەندندا بێت، لە نێو هەموو ئەوانەش بەهاری عەرەبی روویدا، كە لە بەشێكیدا دەكرێت وەك هەوڵێك لەلایەن خەڵكانی عەرەب و لە بەشە جیاوازەكانی جیهانی عەرەبدا بۆ ئەوەی ببنە خاوەن سەروەری.


بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1002)

Top