نێچیرڤان بارزانی: هیچ کوردێک ئامادە نییە بۆ مووسڵ خۆی بە کوشتن بدات

 نێچیرڤان بارزانی: هیچ کوردێک ئامادە نییە بۆ مووسڵ خۆی بە کوشتن بدات
سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کە هیچ پێکهاتەیەک لە عێراق ئینتیمای بۆ دەوڵەت نەماوە و هیچ کوردێکیش ئامادە نییە بۆ مووسڵ خۆی بە کوشتن بدات.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆڵا خەتیب، رۆژنامەنووسی دیاری رۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمزی بەریتانی، باس لە کێشەکانی عێراق دەکات و دەڵێ "رەنگە بە کۆنفیدراڵی چارەسەرببن".

نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، کە رەنگە کەسێک نەدۆزیتەوە لە کوردستان باوەڕی وابێت عێراق دەتوانێ لە کێشەکانی رزگاری ببێ و "نە کورد خۆی بۆ سوننە و شیعە بە کوشتن دەدات و نە بەپێچەوانەشەوە".

سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پێیوایە عێراقییەکان سەلماندییان، کە "هیچ ئینتیمایان بۆ دەوڵەتەکەیان نییە".

نێچیرڤان بارزانی باس لەوەش دەکات، ” شیعەکان ئامادەنین لە مووسڵ بکوژرێن، سوننەکانیش ئامادە نین لە نەجەف وکەربەلا خۆیان بە کوشتن بدەن، هەروەک کوردیش ئامادە نییە خۆی بۆ مووسڵ بدات بە کوشتن".

نێچرڤان بارزانی ئاماژە بەوەشدەکات، کە ئێستا عێراق پێویستیی بە هاوکێشەیەکی نوێیە بۆ ئەوەی بتوانێ پێکهاتەکانی وا لێبکات، لە جوگرافیایەک ئیدارە بکەن و بژین، کە ناوی عێراقە.





رووداو
Top