جۆری ڕاهێنان بە هەماهەنگیی پێشمەرگەیە.. توركیا مەشق بە 150پێشمەرگە دەكات
بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و هۆشیاری لە وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان عەمید (هەڵگورد حیكمەت)، بە kdp.info-ی راگەیاند، چەندین وڵات مەشق بە هێزی پێشمەرگە دەكەن، لەوانە ئیتاڵیا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا و ئەمەریكا و ماوەی مانگێكیشە وڵاتی توركیا مەشق بە هێزی پێشمەرگە دەكات، كە نزیكەی 150 پێشمەرگە دەبن.
عەمید (هەڵگورد) گوتیشی، توركیا لە بنكەی مەشقی هەولێر مەشق بە هێزی پێشمەرگە دەكات.
دەربارەی ئەوەی کە جۆری ڕاهێنانی سوپای ئەو وڵاتانەیش کە مەشق بە پێشمەرگە دەکەن و جیاوازییەکەیان چ کاریگەرییەکی بەسەر پلان و ستراتیژی پێشمەرگەوە دەبێ، گوتی، "ئەو تیمانەی مەشق بە هێزی پێشمەرگە دەكەن، بە هەماهەنگییە لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە كە لیژنەیەكمان پێك هێناوە و لەگەڵ ئەو تیمانە دیاری دەكەن چ جۆرە مەشقێك و چەند پێشمەرگە مەشقیان پێ بكریت".
(حیكمەت) ڕوونیشی كردەوە، تاوەكو ئێستا چەند خولێكی مەشقكردن تەواو بوون و بەردەوامیش ئەو وڵاتانە خولی مەشقكردن بۆ پێشمەرگە دەكەنەوە.
