پێشمەرگە هێرشێكی داعشی لە نزیك خرابەڕووتە تێك شكاند
فەرماندەی لە لیوای 10-ی هێزی پێشمەرگە عەقید (نازم هەركی)، بە KDP.INFO-ی ڕاگەیاند، تیرۆریستانی داعش دوای شكانیان لە بەرزاییەكان و گوندی خەرابەڕووتە، شەوی رابڕدوو هێرشێكیان بۆ بەرزاییەكانی دەوروبەری خەرابەڕووتە بەرپا كرد، بەڵام هێزەكانی پێشمەرگە بە چەكی قورس رووبەڕوویان بوونەوە و پاش شەڕێكی درێژ، ئەو هێرشەیان تێك شكا و زەرەر و زیانێكی زۆریان بەر كەوت.
ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگە لە كەركووك گوتیشی، "ئەو شەڕە ماوەی زیاتر لە سێ سەعاتی خایاند و توانیمان چەكدارێكی زۆریان لێ بكوژین و بریندار بكەین هەروەها تەرمی 8 تیرۆستی داعشیش جێ ماون كە نەیانتوانی بیانبەنەوە، لە هەر شوێنێكیش تیرۆریستانی داعش هێرش بكەن،زەبری گەورە و كوشندەیان لێ دەدەین و ناهێڵین وا بە ئاسانی لە دەستمان هەڵبێن".
(هەركی) ئاماژەیشی دا كە، "ئێمەی هێزەكانی پێشمەرگە بە ورەیەكی بەرزەوە لە سەنگەرەكانین و لە ئامادەباشیی تەواوداین بۆ شكاندنی هەر هێرشێكی تیرۆریستانی داعش و هەر كاتێك جموجۆڵیان ببینین، بۆردوومانیان دەكەین".
گوندی خەرابەڕووتە سەربە قەزای دوبزی باكووری شاری كەركووكە و لە رۆژی چوارشەممە 19-ی ئەم مانگەوە لە لایەن پێشمەرگە قارەمانەكان بە تەواوی لە تیرۆریستانی داعش هاتە پاككردنەوە.
