راگەیەندراوێک لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە
جەماوەری خۆشەویستی کوردستان
دانیشتوانی خۆراگری پایتەختی هەرێم
بەداخەوە نیوەرۆی ئەمرۆ جارێکی دیکە دەستی رەشی تیرۆر گەیشەتە هەولێری پایتەختی هەرێم و بە هۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبرێژکراو لە بەردەم بالەخانەی پارێزگای هەولێر ژمارەیەک لە برایانی پۆلیس و هاوولاتیانمان شەهید و بریندار بوون.
ئەم کردەوە قیزەوەنە لە دوژمنێکی شکستخواردوو چاوەروانکراوە. برا پێشمەرگەکانمان لە بەرەکانی شەردا رۆژانە گورزی کوشندە لە تیرۆریستان دەوەشێنن و خەونەکانیان بۆ گەیشتن بە کوردستان لە گۆڕ دەنێن، بۆیە نائومێدانە پەنا بۆ کرداری لەمجۆرە دەبەن.
بەداخەوە وەک بۆمان ڕوون بۆتەوە تیرۆریستان سود لەو ئاسانکارییانە وەردەگرن کە بۆ مامەلە لەگەل دانیشتوانی ناوچەکانی دیکەی عێراق لە هەرێمدا گیراوەتە بەر. ئەم رێکار و ئاسانکارییانە کەلێنی گەورەن و مەترسین بۆ سەر ئاسایشی هەرێم. ئێمە لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم بە پێویستی دەزانین کە هەم حکومەتی هەرێم و هەم هاوولاتیانی خۆشەویست رەچاوی دۆخی ئاسایشی هەرێم بکەن و ئەو کۆسپ و لەمپەرانە نەهێلدرێن کە لەبەردەم رێکارە ئەمنییەکان دروستکراون.
لەم کات وساتەدا زیاتر لە هەمیشە خوازیاری هاوکاریی هاوولاتیانی خۆشەویستمانین بۆ ئەوەی دامودەزگا پەیوەندیدارەکانمان لە هەر جموجۆلێکی گوماناوی ئاگادار بکەنەوە. برایانتان لە ئاسایش و زێرەڤانی و پۆلیس وێرای ئەرکی پاراستنی ناوخۆ، لە زۆربەی بەرەکانی جەنگدا شانبەشانی پێشمەرگە لە خزمەتدان، بۆیە چاوەروانیمان لە گشت چین و توێژەکانی هەرێم زیاترە کە بە ئەرکی نیشتمانیی خۆیان هەستن و بە چاوکراوەیی زیاترەوە ئاگاداری هەر سوچێکی گەرەک و شارو شارۆچکەکانمان بن.
لێکۆلینەوە لە رووداوەکەی ئەمرۆ دەستی پێکردووە و بێگومان وەک هەمیشە ئەنجامدەرانی ئەم تاوانەش راپێچی بەردەم دادگا دەکرێن و بە سزای شیاوی خۆیان دەگەن.
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان
١٩/١١/٢٠١٤
