ئەنجامی كۆتایی دەرچووانی ماستەر پەسند كرا.. 88 كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان وەرگیران
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، جەخت دەكاتەوە كە، بە هیچ شێوەیەك گۆڕانكاری لە پلانی خوێندنی باڵا (ماستەر)-ی پەسندكراو لە وەزارەت بۆ ساڵی خوێندنی (2014-2015) ناكات.
لەلایەكی دیكەوە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی جیاواز لە ساڵەكانی دیكە و بۆ هاندانی زیاتری كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان، (5) پێنج نمرەی بەخشییە كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان بۆ ئەوەی بتوانن بچنە پێشبڕكێوە، بەوەیش دوای تاقیكردنەوە و بە هۆی ئەو بڕیارەی وەزارەتەوە، (88) كەسوكاری شەهید و ئەنفالكراوەكان سوودمەند بوون و توانییان لە تاقیكردنەوەكانی توانستی زانستی دەربچن كە لە پسپۆڕە جیاكان وەرگیران بۆ درێژەدان بە خوێندنی باڵا (ماستەر) لە زانكۆكانی كوردستان.
لەو چوارچێوەیەدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و تویژینەوەی زانستی لە نووسراوێكدا بە ژمارە (23200) كە لە رێككەوتی (19/11/2014) كە ئاڕاستەی زانكۆكانی هەرێمی كوردستانی كردووە، لیستی كەسوكاری (شەهیدان و ئەنفالكراوەكان) بۆ خوێندنی باڵا (ماستەر) لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی خوێندنی (2014-2015)-ی پەسند كرد و ڕەوانەی زانكۆكان كراوە بۆ ئەوەی كاری پێویستیان بۆ ڕایی بكەن بۆ دەستپێكردنی ساڵی خوێندنی ئەكادیمی.
لە هەمان كاتدا بۆ هاندانی خوێندن و پەرەپێدانی زانست لە سنوورەكە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و تویژینەوەی زانستی لە نووسراوێكدا بە ژمارە (22951) لە رێككەوتی (17/11/2014) كە ئاڕاستەی زانكۆكانی هەرێمی كوردستانی كردووە، لیستی (پارێزگای كەركووك) بۆ خوێندنی باڵا (ماستەر) لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی خوێندنی (2014-2015)-ی بۆ ڕەوانە كردون بۆ ئەوەی كاری پێویستیان بۆ ڕایی بكەن بۆ دەستپێكردنی ساڵی خوێندنی ئەكادیمی لە چەندین پسپۆڕیی جیادا.
