باشیك.. بە گورزێكی دیكەی پێشمەرگە چوار تیرۆریست كوژران و دوو هەمەڕیش سووتێنران

 باشیك.. بە گورزێكی دیكەی پێشمەرگە چوار تیرۆریست كوژران و دوو هەمەڕیش سووتێنران
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ لە میحوەری باشیك پێشمەرگە قارەمانەكان گورزێكی دیكەیان لە تیرۆریستانی داعش وەشاند و 4 تیرۆریست كوژران و دوو هەمەڕیش سووتێنران.

ئەمڕۆ بەیانی هێزەكانی پێشمەرگە مۆڵگەیەكی تیرۆرستانی داعشیان لە میحوەری باشیك بۆردوومان كرد و لەناو مووسڵیش داعش چەند كەسێكی دیكەی گوللەبارن كردن و یاسایەكی نوێیشی دەركرد.

بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی 14-ی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ (سەعید مەموزینی)، بە -KDP.INFO-ی ڕاگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ لە میحوەری باشیك هێزەكانی پێشمەرگە بۆردوومانی مۆڵگەیەكی تیرۆریستانی داعشیان كرد و لە ئەنجامدا 4 تیرۆرستی داعش كوژران و دوو هەمەڕیش سووتێنران.

(مەموزینی)، ئەوەیشی خستە ڕوو كە، "لەنێو مووسڵ لە گەڕەكی غەزلانییە، تیرۆریستانی داعش ئەمڕۆ 5 كەسیان گوللەباران كرد كە، چواریان هاووڵاتی بەرەگەز عەرەب بوون، یەكێكیانیش كوردی شیعەی شەبەكە. دوو شێخی عەرەبیش لە نزیك مزگەوتی رەسووڵ بە ناوەكانی (شێخ فراس یەعقوب) و (شێخ جەلال ساهم)، كوژراون.
ئاماژەیشی دا كە، شەوی رابردوو، فڕۆكە جەنگییەكان، 12 خاڵی تیرۆریستانی داعشیان لەنێو شاری مووسڵ بۆردوومان كرد و، لە ئاكامی بۆردوومانەكەیش، 200 بریندار و كوژراوی داعش هەیە.

ئەو بەرپرسەی ڕاگەیاندنی لقی 14-ی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ، زانیاریی دا كە، تیرۆریستانی داعش لە نێو مووسڵ یاسایەكی نوێیان بۆ هاووڵاتیان داناوە، كە لەكاتی بانگدا نابێت هیچ پیاوێك لە ماڵەوە نوێژ بكات، دەبێ خاوەنی فرۆشگەیش دوكانیان جێ بهێڵن و بۆ نوێژ روو لە مزگەوت بكەن.
Top