پاڵاوگە نایاساییەكان تەنیا سوودیان بۆ هەندێك كەس هەیە.. فڕاكسیۆنی پارتی داوای داخستنیان دەكات

 پاڵاوگە نایاساییەكان تەنیا سوودیان بۆ هەندێك كەس هەیە.. فڕاكسیۆنی پارتی داوای داخستنیان دەكات
جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لەپەرلەمانی كوردستان دەڵێت، وەكو فڕاكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان داوایان كردووە پاڵاوگە نایاساییەكان دابخرێن، چونكە تەنیا سوودیان بۆ هەندێك كەس هەیە و هیچ سوودێكیان بۆ حكوومەت و خەڵكی كوردستان نییە.

جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان (دڵشاد شەعبان)، كە لە فڕاكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستانە، بە KDP.INFO-ی راگەیاند، "ئێمە داوامان لە سەرۆكی حكوومەت و وەزیری سامانە سرووشتییەكان كرد كە پاڵاوگە نایاساییەكان دابخرێن، چونكە هیچ سوودێكیان نییە و زیانی زۆریشیان بۆ پیسكردنی ژینگە هەیە، ئەوانیش باسیان لەوە كرد كە لێكۆڵینەوە لەو بابەتە دەكەن .
(دڵشاد شەعبان) گوتیشی، لە ئێستادا وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان سەرژمێریی پاڵاوگەكان دەكات بۆ ئەوەی بزانێت ژمارەیان چەندە و كارەكانیان چۆنە، كە رەنگە ژمارەیان نزیكەی 150 پاڵاوگە بێت.
ڕوونیشی كردەوە كە، "ئەو پاڵاوگانە هیچ سوودێكیان بۆ حكوومەت و خەڵكی كوردستان نییە و تەنیا هەندێك كەس لێیان سوودمەند دەبن و بازرگانیی پێوە دەكەن، هەر وەك چۆن خانوویەك وەربگری و بیفرۆشیتەوە، بابەتەكە بەو شێوەیەیە، بۆیە ئێمە وەكو فڕاكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان داوامان كردووە كە پێویستە دابخرێن".
Top