پێشمەرگە پیلانێكی داعشیان پووچەڵ كردەوە.. ویستیان خۆیان لە مەزاری شێخ شەرفەدین نزیك بكەنەوە

 پێشمەرگە پیلانێكی داعشیان پووچەڵ كردەوە.. ویستیان خۆیان لە مەزاری شێخ شەرفەدین نزیك بكەنەوە
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ، پاش ئەوەی تیرۆریستانی داعش ویستیان خۆیان لە مەزاری شێخ شەرفەدین نزیك بكەنەوە، بەڵام هێزەكانی پێشمەرگە توانییان شكست بەو پیلانەیان بێنن.

فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە چیای شنگال (قاسم شەشۆ)، بەkdp.info -ی ڕاگەیاند، بەیانیی ئەمرۆ دووشەممە تیرۆریستانی داعش لە رێگەی دوو هەمەر و ئۆتۆمبێلێك ویستیان بە دزییەوە بگەنە خانوویەكی نزیك مەزاری شێخ شەرفەدین و پاشان هێرش بكەنە سەر هێزەكانی پێشمەرگە.

ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگە لە چیای شنگال گوتیشی، پێش ئەوەی نزیك بكەونەوە، هێزەكانی پێشمەرگە بە چەكی هاوەن و دۆشكە و بیكەیسی رووبەڕوویان بوونەوە و بۆیە هەر زوو بەرەو كۆمەڵگەی بۆرگ هەلاتن.

(قاسم شەشۆ) زیاتر گوتی، لە دوێنێوە ئەمە دووەم جارە بەم شێوەیە تیرۆریستانی داعش دەیانەوێت خۆیان نزیك بكەنەوە، بەڵام هێزەكانی پێشمەرگە هەمیشە چاوكراوەن و لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ لەناوبردنی هەر پیلان و جموجۆڵ و هێرشێكی تیرۆرستانی داعش لەو سنوورە.
Top