سەرۆك بارزانی پێشوازی لە عادل عەبدولمەهدی دەكات
له دیدارەكەدا، سەرەتا وەزیری نەوتی عێراق خۆشحاڵیی خۆی بۆ ڕەخسانی دەرفەتی ئەو دیدارە دەربڕی و دەستخۆشی لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرد بۆ ئەو سەرکەوتنە گەورانەی لە بەرەکانی شەڕ دژی تیرۆریستان وەدەستیان هێناوە و هیوای خواست بە زووترین کات تیرۆریستان لە هەموو عێراق تێکبشکێندرێن و ئارامی بۆ وڵات بگەڕێتەوە.
لە بەرانبەردا سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی لە بەڕێز عادل عەبدولمەهدی کرد بەبۆنەی وەرگرتنی پۆستی وەزیری نەوتی عێراقی فیدراڵ و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست. سەبارەت بە بەرەکانی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تیرۆریستانیش سەرۆک بارزانی تەئکیدی کردەوە کە تیرۆریستان لە بەرانبەر پێشمەرگەی کوردستان خۆیان پێ ڕاناگیرێ و هیچ بستێک لەخاکی کوردستان لەژێر دەستیاندا نامێنێتەوە و ئازاد دەکرێن، هیواشی خواست بە زووترین کات بە هەماهەنگی و هاوکاریی هەموولایەک تیرۆریستان لە هەموو شوێنێک تێکبشکێندرێن و بۆ ئەوەش پێویستە هەنگاوی کردەیی بۆ سەرخستنی پرۆسەی سیاسیی بگیرێتەبەر، چونکە ئەوە تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش ئاسانتر دەکات.
هەر لە دیدارەکەدا وەزیری نەوتی عێراق ڕۆشنایی خستە سەر پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا لە بواری وزە و سیاسەتی نوێی عێراقی لە بواری نەوت بۆ سەرۆک بارزانی ڕوون کردەوە و بە وردی باسی ڕەوشی ئابووری و سیاسیی عێراقی کرد.
لهم رووهوه سەرۆک بارزانی هیوای خواست بەرنامەی کاری وەزیری نەوتی عێراق هەنگاوێک بێت بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەبواری وزەدا. هەردوولایش تهئكیدیان له سهر گرنگیی چالاككردنی دیالۆگی بنیاتنهری نێوان لایهنهكان كردهوه به مهبهستی دۆزینهوهی رێگه چارهی ریشهیی بۆ سهرجهم كێشهكان به پشت بهستن به دهستوور و ئهنجامی رێككهوتنهكانی نێوان هێز و لایهنه عیراقییهكان و شهراكهتی راستهقینه له بنیاتنانی وڵات و سهرخستنی پرۆسهی سیاسی و دیموكراتی له تهواوی عێراقدا.
