داعش دوو چەكداری خۆی گولـلە باران دەكات

داعش دوو چەكداری خۆی گولـلە باران دەكات
بە تۆمەتی پەیوەندی و هاوكاریی لە گەڵ هێزەكانی پێشمەرگەو هێزە عێراقییەكان، گرووپی تیرۆریستی داعش لە جەلەولا، دوو چەكداری خۆیان گولـلە باران دەکات.

بە پێی ڕاپۆرتە هەواڵنێرییەکان، لە چەند رۆژی رابردوودا چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ناسراو بە داعش، دوو چەكداری خۆیان لە ناو شارەدێی جەلەولا گولـلە باران كردووە.

بە پێی ئەو زانیارییانە لەچەند دەزگایەكی راگەیاندنی عێراقییەوە بڵاوكراوەتەوە، داعش ئەو دوو چەكدارەی بە تۆمەتی پەیوەندی و هاوكاری هێزەكانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییە عێراقیەكان کوشتووە.

لە لایەكی دیكەوە سەرچاوەیەك لە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند؛ چەكدارانی داعش بۆ بەرگرتن و زیان گەیاندن بە هێزەكانی پێشمەرگە لە كاتی هێرش كردن بۆ سەر شارەدێیی جەلەولا، ژمارەیەكی زۆر بۆمبی چێندراویان لە نێو شارەدێیەکە داناوەتەوە.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشدا، هێزەكانی پێشمەرگە لە ئامادەباشیدان بۆ گرتنەوەی شارەدێیەكە و لە داهاتوودا بە پێی بەرنامەیەكی تۆكمە و بە هاوكاری لە گەڵ هێزە ئەمنییە عێراقییەكان و هەروەها فرۆكەی جەنگی هاوپەیمان هێرش دەكەنە سەر چەكدارەكان لە ناو جەلەولا.
Top