پێنج تیرۆریستی سەر بە داعش لە کەرکوک دەستگیر کراون
ئەمرۆ دووشەممە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش بۆ نەجمەددین كەریم پارێزگاری كەركووك و لیوا جەمال تاهیر بەرێوەبەری گشتی پۆلیسی كەركووك و عەمید سەرحەد قادر بەڕێوەبەری پۆلیسی شارۆچكە و شارەدێیەكانی كەركووك و عەقید فەتاح بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی شارۆچكەی حەویجە سازدرا.
نەجمەددین كەریم لە كۆنگرە رۆژنامەوانییە هاوبەشەكە دا ڕایگەیاند؛ ئەو باندە تیرۆریستییە بەهاوكاری هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش دەستگیر کراوە کە سێ کەس لەوانەی دەستگیر کراون بەرپرسیاریەتیان هەیە كە بەرپرسی موفتی داعش و بەرپرسی دارایی و بەرپرسی تەقەمەنییەكانی تێدایە و لە ١٤ كردەوەی تیرۆریستی لە سنوری شاری كەركووك و دەوربەری دەستیان هەبووە، بەڵام بە پێی زانیارییە هەواڵگرییەكان ئەو كەسانە دەستگیر كراون بۆیە داوا لە هاووڵاتیان دەكەین كە هاوكاری هێزە ئەمنییەكان بن بۆ ئەوەی بارودۆخی شارەكەمان بپارێزن .
پارێزگاری کەرکوک ئاماژەی بەوەشدا، لەكاتی دەستگیر كردنیان، چەندین نووسراوی ئەو گروپە لە گەڵ كۆمەڵێك سیمكارتی مۆبایل دەستی بەسەردا گیراوە.
لە كۆنگرەكە دا عەمید سەرحەد قادر ئاماژە بەوەكرد، ئەو كەسانەی دەستگیر كراون خەڵكی دەرەوەی كەركووكن و بە ناسنامەی ساختەوە هاتوونەتە سنوری شاری كەركووك و جگە لە وەش چەندین كەسی دیكە بە ناسنامەی ساختەوە دەستگیر كراون کە لە بازگەكانەوە دەیانەویست دزە بكەنە نێو شاری كەركووك .
