سیاسەتی نەوتی حكومەتی هەرێم سەركەوتووانە توانی بەڕێوەبردنی نەوتی كوردستان لە بەغداوە بۆ هەولێر بگوازێتەوە
هەروەها خنسی گوتی: یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستان توانیویەتی بە بڕی 30 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لەم بوارە بكات، خۆ ئەگەر ئێمە هەوڵمانبدایە لە رێگەی بەغدا ئەو پارەیە دابین بكەین و هەر ساڵێك یەك ملیار دۆلاریشمان خەرج بكردایە، بە ماوەی 30 ساڵی دیكە نەدەگەیشتینە ئەو قۆناخەی كە ئێستا پێی گەیشتووین، هەروەها نەدەگەیشتینە ئەوەی ئێستا كە نزیكەی 27 كونسوڵخانەی وڵاتانی جیهان لە هەولێر بكرێتەوە، كە 360 كۆمپانیای ئەو دەوڵەتانە تەنها لە كەرتی نەوت و گاز كاردەكەن. هەروەها نزیكەی 21 هەزار كۆمپانیای كەرتی تایبەت ئێستا لە كوردستان كاردەكەن.
لە درێژەی دیدارەكەیدا دكتؤر بێوار گوتی: تەنها لەو 57 بلۆكەی لە ماوەی 2007-2014 كۆمپانیا بیانییەكان كاریان تێدا كردووە، توانیویانە 14 -15 كێڵگەی نەوت بدۆزنەوە، توانیویانە لە ئاكامی هەڵسەنگاندنەكانیان، مەزندەی ئەوە بكەن 45 ملیار بەرمیل نەوت وەك یەدەگ لە هەرسێ پارێزگای هەولێر و سلیمانی و دهۆك هەیە، نزیكەی 3-6 ترلیۆن مەتر سێجا گازی سروشتی لەو ناوچەیە بوونی هەیە، ئەگەر ئەم سامانە سروشتییەی ژێر زەویی كوردستان بكەینە پارە، تەنها پارەی نەوت نزیكەی 4500 ملیار دۆلار دەكات، هەروەها بەهای گازی سروشتییش نزیكەی 10-12 ترلیۆن دۆلارە، ئەوجا ئەگەر لێرەوە سەیری ئەو پڕۆگرامە بكەین كە كۆمپانیاكان نەوتی پێدەردەهێنن، دیارە پڕۆگرامەكەیان بەو جۆرەیە كە هەتا 3700 مەتر بیرەكان قووڵ بكەن. لەمەش زیاتر دوای ئەوەی پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت دەستی پێكردووە، حكومەتی هەرێمی كوردستان توانیویەتی دوو پاڵاوگەی گەورە بۆ بەرهەمهێنانی بەنزین دابمەزرێنن، ئەم دوو پاڵاوگەیە ئێستا رۆژانە نزیكەی 100 هەزار بەرمیل نەوت بۆ بەرهەمهێنانی بەنزین دەپاڵێوێت، بەمەش توانراوە تا رادەیەكی زۆر باش پێداویستی بەنزینی كوردستان دابین بكات.
لە كۆتاییدا دكتؤر بێوار گوتی: لە هەموو پاڵاوگەكانی بەنزین لە عێراقدا رۆژانە 700-750 هەزار بەرمیل نەوت بۆ بەرهەمهێنانی بەنزین لە پاڵاوگەكانی عێراق بەكاردەهێنرێت، ئەم نەوتەش لە چوارچێوەی بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوتی عێراق حیساب ناكرێت، لەم رێژەیە پێویست بوو حكومەتی عێراق 17%ی كە رۆژانە دەكاتە نزیكەی 120-130 هەزار بەرمیل وەك پشكی كوردستان بیدایە بە هەرێم، بەڵام حكومەتی عێراق ئەمەشی بردووە بۆ خۆی، لە بودجەی عێراقیش كە بڕیارە 17% بنێرێت، جیا لەوەی ئەوە ساڵی 2014 نەیناردووە، پێشتریش 10% كەمتری ناردووە، وێڕای هەموو ئەمانەش لەم بارودۆخەدا كە تیرۆریستانی داعش ناوچەی (بێجی)یان داگیر كردووە، ئەگەر ئەم سیاسەتەی حكومەتی هەرێمی كوردستان نەبوایە، ئێمە نەماندەتوانی لەم ژینگە سیاسییە ئاڵۆزە پێداویستی خۆمان لە بواری وزە دابین بكەین.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە (1000)
