ئەوروپا چاوی لەوەیە پێشمەرگە داعش تێكبشكێنێت، بۆیە گوێ لە مسرور بارزانی دەگرن
هەروەها ستۆران ستیڤنسۆن گوتی: بەداخەوە هەرەسهێنانی سوپای عێراق سەری كێشا بۆ زیادبوونی میلیشیا شیعەكان كە پشتیوانی كران و پڕچەك كران و تەنانەت لەلایەن فەرماندەی سەربازی ئێرانەوە سەركردایەتیش كران. لە ئێستادا هاوپەیمانان و دەوڵەتانی ئەوروپا لەو رێگە دەگەڕێن كە چۆن بتوانن هاوكاری ئەو هێزانە بكەن كە لەسەر زەوی دەتوانێت رووبەڕووی داعش ببنەوە، ئەو رێگەیەش تەنها یەك رێگەیە و دەبێت هەموو خێڵەكانی عەرەبی سوننە یەكبخرێن و مەشقیان پێبكرێت و پاشان بە هاوكاری لەگەڵ پێشمەرگە و بە سەركردایەتی مسعود بارزانی رووبەڕووی داعش ببنەوە، ئەمەش تەنها رێگەیە بۆ تێكشكاندنی داعش، لەم چوارچێوەیەدا هۆكارەكە ئاشكرایە بۆچی پەرلەمانی ئەوروپا بانگهێشتی مسرور بارزانی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی هەرێمی كوردستان دەكات و لە برۆكسل گوێ بۆ وتارەكەی دەگرن.
هەروەها ستیڤنسۆن گوتی: سەركردەكان لە رۆژئاوا و لە نێویاندا ئۆباما لە ئەمریكا، هەروەها كامیرۆن و فرانسوا هۆلاند و ئەنجێلا مێركل دان بە مسعود بارزانی و سەركردایەتییە تۆكمەكەیدا دەنێن، وەك باشترین رێگە بۆ تێكشكاندنی داعش لە سەر زەوی. دیارە راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانیش، راستەوخۆ راوێژكاری (سەرۆك بارزانی)یە و بەشدارە لە ستراتیژیەتی شەڕی دژەتیرۆردا بەوەی لەسەر زەوی چۆن رووبەڕووی تیرۆریستانی داعش دەبنەوە، ئەوەی تا ئێستا دەركەوتووە، ئەوەیە گورزە ئاسمانییەكان كە بە شێوەیەكی سەرەكی لە لایەن ئەمریكا و بە هاوكاری هەندێ وڵاتی ئەوروپی ئەنجامدراون، رۆڵێكی باشیان هەیە لە دژی داعش، بەڵام بە تەنها بەس نین بۆ تێكشكاندنی داعش، ئێمە پێویستمان بە هێزی زەمینی هەیە و ئێستاش ئەو هێزە پێشمەرگەن و لە ژێر سەركردایەتی (بارزانی)دان كە ئەزموونی چەندین ساڵ شەڕكردنی هەیە و سەركردەیەكی بەهێزە و ئێمە لە رۆژئاوا چاومان لەوەیە بارزانی سەركردایەتی و رێبەرایەتی ئەو شەڕە بكات، ئێمە دەتوانین بە گورزی ئاسمانی و بە پێدانی چەك هاوكاری بكەین، بەڵام پێویستمان بە ئازایەتی پێشمەرگە و سەركردایەتی دروستی مسعود بارزانی هەیە بۆ ئەوەی دڵنیا بین كە دەتوانین داعش تێكبشكێنین.
شایانی باسە لە درێژەی دیدارەكەیدا ستۆران گوتی: بانگهێشتكردنی مسرور بارزانی بۆ پەرلەمانی ئەوروپا، ئەم داواكردنە لە پەرلەمانی ئەوروپا كە تاكە رێگە بۆ تێكشكاندنی داعش بریتییە لە پێدانی چەكی قورس و نوێ بە پێشمەرگە و هەروەها پشتیوانی لۆجیستی. من پێموایە ئەگەری زۆرە كە وڵاتانی ئەوروپا بە ئیجابی لەم داواكارییە بڕوانن و باوەڕم وایە ئەو چەكانە بە پێشمەرگە دەدەن كە پێویستی پێیەتی. ئێمە لە ئەوروپا واقیعبینیانە لەگەڵ دۆخەكە مامەڵە دەكەین و دوودڵین لە ناردنی سەرباز، ئێمە نامانەوێت لە ناكۆكییەكی ناوچەیی لە ناو عێراقدا تێوەبگلێین، بەڵام دەبێت بەو شێوەیە لە پێشمەرگە بڕوانین كە تاكە هێزە دەتوانێت بەرەنگاری داعش ببێتەوە و بیبەزێنێت، پێشمەرگەش چەكی نوێی پێویستە و پێموایە رۆژئاوا بۆی دەستەبەر دەكات، كاتێك لەگەڵ بارزانی كۆدەبێتەوە.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە (1000)
