كۆبوونەوەی یەكێتی و گۆڕان كۆتاییهات

 كۆبوونەوەی یەكێتی و گۆڕان كۆتاییهات
كۆبوونەوەی شاندی باڵای یەكێتی بە سەرۆكایەتی كۆسرەت رەسوڵ عەلی و شاندی بزووتنەوەی گۆڕان بە سەرۆكایەتی نەوشیروان مستەفا كۆتاییهات.

محەممەد تۆفیق رەحیم یەكێك بوو لە ئەندامی شاندەكەی گۆڕان ‌و بۆ تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی كۆبوونەوەكەوە گوتی "بەگشتیی باسی بارودۆخی عێراق و كوردستان و بەرەكانی شەڕو پارێزگاری سلێمانیمان كرد".

لەبارەی یەكلاییكردنەوەی پارێزگاری سلێمانییەوە گوتی "زۆر بە دیاریكراوی لەسەر ئەو پرسە نەوەستاین و هیچ بڕیارێك لەو بارەیەوە نەدرا، لە یەكێتی و گۆڕان چەند كەسێك راسپێردراون لەسەر ئەو پرسە كۆببنەوەو قسە بكەن".

گوتیشی " كۆبوونەوەكەمان باش و ئیجابی بوو، ئەگەر پێویستی كرد لە داهاتوودا كۆبوونەوەی دیكەمان دەبێ".

پێشتر مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئاشكرایكرد، كە سێ پێشنیازیان داوەتە گۆڕان بەمەبەستی یەكلاییكردنەوەی پۆستی پارێزگاری سلێمانی، كە بریتین لە:

1. پارێزگارێكی بێلایەن دابنرێت.

2. دوو ساڵی یەكەم بۆ گۆڕان بێت، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان كاندیدەكەیان بگۆڕن.

3. دوو ساڵی یەكەم بۆ یەكێتی بێت و دواتر گۆڕان سەرپشك بێت لە كاندیدەكەی.

لەو بارەیەوە محەممەد تۆفیق رەحیم لە لێدوانەكەیدا جەختیكردەوە كە ئەوان قسەیان لەسەر ئەو پێشنیازانە نەكردووە.






رووداو
Top