سبەی گەورە بەرپرسانی بەغدا دێنە هەولێر

 سبەی گەورە بەرپرسانی بەغدا دێنە هەولێر
بڕیارە سبەی سێشەممە 4ـی تشرینی دووەمی 2014، گەورە بەرپرسانی بەغدا لەوانەش سەرۆككۆمار و سەرۆكی پەرلەمان و وەزیری نەوت، سەردانی هەولێر بکەن و بەشداری یەكەم كۆڕبەندی سەنتەری توێژینەوەی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست بكەن.

كۆڕبەندەكە دوو رۆژ دەخایەنێت (4_6ـی تشرینی دووەمی 2014) و بە كۆڕبەندی "مێری" ناسراوە و لەژێر ناونیشانی "خۆرهەڵاتی نێوەڕاست لە راگواستندا: دیالۆگ و ئاشتەوای پێویستن" دەبێت.

سەنتەری توێژینەوەی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست، یەكەم تینك تانكی سەربەخۆی كوردییە و بارەگاكەی لە هەولێرە، سەنتەرەكە لەلایەن پرۆفیسۆر دلاوەر عەلائەدین بەڕێوەدەچێ و ئەم كۆڕبەندەش یەكەم چالاكی گەورەی ئەو سەنتەرە دەبێ.

چاوەڕوان دەكرێ میوانێكی زۆر لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق، بەشداری لەو كۆڕبەندە بکەن.

لە بەغداوە هەریەكە لەم كەسایەتییانە بەشدارن:

فوئاد مەعسووم، سەرۆككۆماری عێراق

سەلیم جبوری، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق

ئوسامە نوجێفی، جێگری سەرۆككۆماری عێراق

ساڵح موتڵەگ و بەها ئەعرەجی، جێگرانی سەرۆككوەزیران، ئیبراهیم جەعفەری، وەزیری دەرەوە، عادل عەبدولمەهدی، وەزیری نەوت، بەیان جەبر وەزیری گواستنەوە، هومام حەموودی، جێگری سەرۆكی پەرلەمان، عەمار حەكیم، سەرۆكی ئەنجوومەنی ئیسلامی، ئەیاد سامەڕایی، سەرۆكی حیزبی ئیسلامی عێراقی.

لە هەولێریشەوە هەریەكە لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەرهەم ساڵح، سەرۆك وەزیرانی پێشووی هەرێمی كوردستان و ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری لەو كۆڕبەندە دەکەن.

هەروەها حەسەن داناییفەڕ، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا یەكێكی دیكەیە لە بەشداربووان.

هەرلە كۆڕبەندەكەدا چەندین توێژەری بیانی بانگهێشتكراون و چەندین پانێڵی جیاواز لەسەر كێشەكانی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست سازدەكرێن.









رووداو
Top