سەدو پەنجا تەرمی تری سەربازانی عێراق و ئێران لە باڵەكایەتی دۆزرانەوە

سەدو پەنجا تەرمی تری سەربازانی عێراق و ئێران لە باڵەكایەتی دۆزرانەوە
گەران و پشكنینی تیمەكەی ئێران كە ماوەی زیاتر لە یەك مانگە بە چاودێری دەزگا ئەمنیەكان لە چیای گرمەندیلی سەربە قەزای چۆمان سەرقاڵی دۆزینەوەی ئێسك و پروسكی كوژراوانی ئەوە پاسدارانەن کە لە شەری نێوان عێراق و ئێران نەگەراونەتەوە، تاكو ئێستاش (150) تەرمیان دۆزیوەتەوە كە ئێسك و پروسكەكان وا دەر دەخەن (110) تەرمیان هی ئێرانە و ئەوانی تر سەربازی عێراقین.


قائیمقامی چۆمان، عەبدولواحید گوانی، بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند: ئەو تیمەی ئێرانی بە ئاگاداری و هەماهەنگی حكومەتی هەرێمی كوردستان هاتوونەتە ناوچەكە و لە ژێر چاودێریی تیمە ئەمنیەكان كاری رۆژانەی خۆیان دەكەن كە گەرانە بە دوای ئێسك و پروسكی پاسدارانیان لە چیای گرمەندیلی سەربە قەزای چۆمان و رۆژانەش چەندین تەرمی سەربازانی عێراق و پاسدارانی ئێران دەدۆزنەوە.


بە پێی لێدوانی سەرچاوەیەك لە بەرێوەبەرایەتیی ئاسایشی چۆمان، تیمەكەی ئێران لە دوانزە كەس پێك هاتووە و بە ئامێری عەفارە و بلدۆزەر لە كۆنە رەبیەكانی جەنگی هەشت ساڵەی نێوان عێراق ئێران دەكۆڵنەوە و تاكو ئێستاش (150) كوژراوی هەردوو لا دۆزراونەتەوە (110) کەس لەو تەرمانە پاسداری ئێرانین و (40) تەرمیش سەربازی عێراقین.

ماوەی زیاتر لە مانگێكە تیمێكی ئێران بە پێ بوونی كەرەستەی گەران و پشكنین و پسپۆری بواری سەربازی لە چیای گرمەندیل بە دووری هەشت كیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی چۆمان سەرقاڵی هەڵدانەوە و لێكۆڵینەوەی بنكە سەربازیەكانی شەری هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێرانن ئەو چیایەی بۆ هەشت جار سەختترین رووبەروو بوونەوەی جەنگی هەردوو لا تیادا رووداوە و مەزەندە دەكرێت زیاتر لە 100 هەزار سەربازی هەردوو لا لەوێ‌ گیانیان لە دەست دا بێت.
Top