شاندێکی سەربازی ئەڵمانیا: پێشمەرگه تاكه هێزە توانیویەتی پاشەكشه بەتیرۆریستانی داعش بكات

شاندێکی سەربازی ئەڵمانیا: پێشمەرگه تاكه هێزە توانیویەتی پاشەكشه بەتیرۆریستانی داعش بكات
لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستاندا، شاندێکی باڵای سەربازی دیپلۆماسیی ئەڵمانیا، رۆڵ و پێشڕەوییەكانی پێشمەرگەیان بەرز نرخاند و ئاماژەیان دا كه، پێشمەرگه تاكه هێزە توانیویەتی پاشەكشه به تیرۆریستانی داعش بكات، به شێوەیەك کە ئێستا نەك تەنیا توانای هێرشكردنیان بۆ سەر پێشمەرگه نەماوه، بەڵكو توانای بەرگریكردنیشیان لاواز بووه.



ئەمڕۆ راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان مەسروور بارزانی، له‌گه‌ڵ فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی دەرەكی فەریق كارڵ هێنز فریتز و جێگری فەرماندەی سوپای ئەڵمانیای فیدراڵ فەریق یۆرگ ڤۆلمێر و هەماهەنگكاری وەزارەتی دەرەوه یاسپەر ویك و ژمارەیەك راوێژكاری سەربازی و دیپلۆماسی كۆبۆوه‌.

مەسروور بارزانی به گەرمی بەخێرهێنانی شاندی میوانی كرد و بۆ پێشكەشكردنی یارمەتی و پشتیوانییه سەربازییەكان بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان سوپاسی حكوومەت و گەلی ئەڵمانیای فیدراڵی كرد كه له رزگاركردنی زوممار رۆڵێكی بەرچاویان هەبوو.



هەر له دیدارەكەدا، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان، باسی له دۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ و پێداویستییه سەربازییەكانی پێشمەرگه و كاریگەریی چەكی قورس كرد بۆ شكستپێهێنان به تیرۆریستانی داعش.



لەلای خۆیانەوه شاندی میوان رۆڵ و پێشڕووییەكانی پێشمەرگەیان بەرز نرخاند و ئاماژەیان دا، كه پێشمەرگه تاكه هێزە توانیویەتی پاشەكشه بەتیرۆریستانی داعش بكات، به شێوەیەك ئێستا نەك تەنیا توانای هێرشكردنیان بۆ سەر پێشمەرگه نەماوه، بەڵكو توانای بەرگریكردنیشیان لاواز بووه.

له بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا گفتوگۆ لەبارەی گرینگی و رۆڵی مەشق و راهێنان به هێزی پێشمەرگەی كوردستان و میكانیزمەكانی ئەو راهێنانه كرا.

باسكردن له پابەندییه دەستوورییەكانی عێراق بەرامبەر هێزی پێشمەرگەی كوردستان له رووی بودجه و دابینكردنی پێداویستییه سەربازییەكانیش، تەوەرێكی دیكەی دیدارەكه بوو.
Top