یەپەگە: پێشمەرگەکان لە کۆبانێ سەلامەتن
ماڵپەڕێكی نزیك لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رایگەیاند، "شەوی رابردوو160 كەس لە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بە ئۆتۆمبێلی سەربازی و چەكی قورسەوە لە رێگەی سنووری پرسووسەوە هاتنە نێو كۆبانێ و لەلایەن یەكینەكانی پاراستنی گەلەوە پێشوازییان لێكرا".
بە پێی هەواڵی ئەو ماڵپەڕە، "هێزەكانی پێشمەرگە بە هۆكاری ئەمنی لە تاریكیدا و بەبێ هەڵكردنی لایتی ئۆتۆمبێلەكانیان بەرەو سنوور هاتوون و فڕۆكەكانی هاوپەیمانان لەگەڵ جوڵانی هێزی پێشمەرگە، بۆردوومانی مۆڵگەكانی داعشیان كردووە".
هەروەها شۆڕش حەسەن، گوتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە كۆبانێ، ئەمڕۆ شەممە 1ـی تشرینی دووەمی 2014 رایگەیاند، " هێزی پێشمەرگە لە تەندروستی باشدان و هەموویان سەلامەتن".
بە فەرمانی مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و رەزامەندی پەرلەمانی كوردستان، دوو یەكەی پێشمەرگە لە هێزی پشتیوانی، رەوانەی رۆژئاوای كوردستان كران، بۆ پشتگیریكردنی شەڕڤانانی كۆبانێ لە شەڕی دژی چەكدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش).
رووداو
