شەروپێكدادان لە نێوان چەكدارە شیعەكان روویدا

شەروپێكدادان لە نێوان چەكدارە شیعەكان روویدا
نیوەرۆی ئەمرۆ لە شارۆچكەی دووزخورماتوو شەروپێكدادن لە نێوان چەكدارە شیعەكان روویدا كە ماوەیەكە بە مەبەستی شەڕ دژی داعش هاتوونەتە ناوچەكە و بە پێی زانیارییەكان چوار چەكدار برینداربوون.





سەرچاوەیەك لە هێزە ئەمنییەكانی دووزخورماتوو، بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند: نیوەرۆی ئەمرۆ لەبازگەی یەنگیجەی سەر بە شارۆچكەی دووزخورماتوو، شەروپێكدادان لە نێوان چەكدارە شیعەكان روویدا كە لەو بازگەیەدان.



سەرچاوەكە وتی: بە پێی زانیارییەكان، لەو شەرەدا چوار چەكدار برینداربوون و دواتر لە لایەن بەرپرسانی چەكدارەكانەوە كۆتایی بە شەرەكە هێنراوە كە لە ئەنجامی دەمەقاڵەی نێوانیان دروست بووبوو.



پاش ئەوەی چەكدارانی داعش چەند ناوچەیەكی سنووری شارۆچكەی دووزخورماتویان داگیر كرد، حكوومەتی عێراق بە مەبەستی گرتنەوەی ئەو ناوچانە و هەروەها پارێزگاری كردن لە هاووڵاتیانی سنوورەكە، ژمارەیەكی زۆر چەكداری شیعەی رەوانەی دووزخورماتوو كرد. ئەم چەكدارانە لە ئێستادا بەهۆی رەفتارە نەشیاوەكانیانەوە و سوكایەتی و ئازاردانی هاووڵاتیان و هەروەها بێزاركردنی هێزەكانی پێشمەرگە، بونەتە جێگای نیگەرانی هاووڵاتیان و هێزەكانی پێشمەرگەش چەندجارێك رووبەرویان بوونەتەوە.

Top