وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: چوونی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ کاریگەريی دەبێت

 وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: چوونی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ کاریگەريی دەبێت
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایدەگەیێنێت چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ كاریگەری دەبێت لەو شەڕەی چەندین هەفتەیە شەڕڤانان دژی چەكدارانی داعش دەیكەن و رێگە نەدەن چەكداران كۆنترۆڵی شارەكە بكەن.

جێن ساکی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو گوتی: "پێشبینی دەكەین هێزەکانی پێشمەرگە کاریگەری دروستبکەن لەو شەڕەی کە شەڕڤانانی رۆژئاوا چەندین هەفتەیە دژی چەکدارانی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش) دەیکەن و توانیویانە رێگەنەدەن چەکدارە تووندئاژۆكان کۆنترۆڵی شارەکە بکەن".

ئەمە لە کاتێکدایە کە شەڕ لە کۆبانێ بەردەوامە و بەرپرسانی سیاسی و سەربازی ئەمریکا لە واشنتن بۆ رووداو دەڵێن پاڵپشتی لەوەدەکەن لە بارودۆخێکی ناهەمواری وەکو ئەمڕۆدا کورد فریایی کورد بکەوێت.

ئۆتۆمبیلی سەربازی بەهێز چەکی پێشکەوتووی رۆژئاواییان هەڵگرتووە. رۆژی سێشەممە لەگەڵ لانیکەم ١٥٠ پێشمەرگەدا باشووری کوردستانیان بەرەو کۆبانی بەجێهێشت. یەکەمجارە بەشێوەیەکی دانپێدانراو هێزی باشووری کوردستان بۆ ئۆپەراسیۆنی نێودەوڵەتی دەچێتە دەرەوەی سنوور.

هەرچەندە هێزەکە بچووکە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە گرنگییەوە لێیان دەڕوانێت.

جێن ساکی ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتی: "لەراستیدا، ئەمە شتێکە کە پێمانوایە کاریگەری دروستدەکات و گرنگە کە هاوبەشێکت هەبێت لەسەر ئەرزی واقیع کاری لەگەڵدا بکەیت."

بڕیاری رێگەدان بە هێزی پێشمەرگە لەلایەن تورکیاوە چاوەڕواننەکراوبوو. دوای ئەم ئۆپەراسیۆنێکی لەناکاوی ئەمریکا هات کە لە ئاسمانەوە چەک و کۆمەکی بەم شێوەیە بۆ بەرگریکارانی کۆبانی بەردایەوە. ئایا تورکیا ئەم کارەی لەژێر فشاری ئەمریکادا کرد؟.

جێن ساکی، لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا دەڵێ: "دواجار ئەوە بڕیاری تورکیایە تا هاریکاربن و کارئاسانی بکەن. خۆیان ئەو بڕیارەیاندا و بە ئاشکرا لە میدیاکاندا باسیانکرد. بەڵام بەدڵنیاییەوە لەماوەی چەند هەفتەی رابردوودا ئەمە بەشێک بووە لە گفتوگۆکانمان لەگەڵ تورکیادا."

پنتاگۆن رۆژی سێشەممە رایگەیاند کە لە ٢٤ کاژێری رابردوودا لانیکەم سێ هێرشی ئاسمانی سەرکەوتوویان لە چواردەوری کۆبانی ئەنجامداوە، بەڵام بارودۆخی شارەکە هێشتا زۆری ماوە ئاسایی ببێتەوە.

جۆن کێربی، گوتبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا گوتی " ئێستا لە سووریا بارودۆخی کۆبانی هێشتا ناسکە. هێزەکانی داعش بەردەوامن لە فشارخستنە سەر ئەو شارە و هێزەکانی دژی داعش بەردەوامن لە خۆڕاگری."

رۆشتنی پێشمەرگە بۆ کۆبانی لەکاتێکدا دێت هیچ وڵاتێکی تر، بە تورکیاشەوە لەسەر سنوور، ئامادەنییە چەکدار بۆ کۆبانی بنێرێت. بەرپرسانی سیاسی و سەربازی ئەمریکا لێرە لەواشنتن پێمان دەڵێن کە پاڵپشتی لەوەدەکەن لە بارودۆخێکی ناهەمواری وەکو ئەمڕۆدا کورد فریای کورد بکەوێت.








رووداو
Top