یۆنان ڤیزا شه‌نگن ده‌داته هاووڵاتیانى هه‌رێمى كوردستان
له دیدارێكدا ڕه‌وش و پێشهاته ئه‌منى و سه‌ربازییه‌كانى عیراق و ناوچه‌كه و جه‌نگى دژى تیرۆر و گرنگیى پێكهێنانى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر و، ڕۆڵى پێشمه‌رگه له شكاندن و پاشهكشهپێكردنى تیرۆرستانى داعش، هه‌روه‌ها پێشوازیكردن له ئاواره و په‌نابه‌ران له هه‌رێمى كوردستان و كۆمه‌ك و هاوكاریكردنیان له لایه‌ن حكوومه‌ت و خه‌ڵكى كوردستانه‌وه، له‌گه‌ڵ پێویستیى هاوكاریكردنى زیاتریان له لایه‌ن عیراق و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تییه‌وه، خرایه به‌ر باس و تاوتوێ كرا.
به‌ڕێز باڵیۆزى یۆنان باسى له سه‌ردانێكى خۆى بۆ پارێزگاى دهۆك و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ى ڕه‌وشى ئه‌و ئاواره و په‌نابه‌رانه كرد كه له كه‌مپه‌كانى سنوورى پارێزگاكه‌دا گیرساونه‌ته‌وه و، تیشكى خسته سه‌ر كۆمه‌ك و هاوكارییه‌كانى وڵاته‌كه‌ى بۆ ئاواره و په‌نابه‌ران كه له چوارچێوه‌ى هاوكارییه‌كانى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كاندا پێشكه‌شى كردوون و، دووپاتى كرده‌وه وڵاته‌كه‌ى له پێشكه‌شكردنى هاوكارییه‌كان به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانیش سوپاس و پێزانینى حكوومه‌ت و خه‌ڵكى كوردستانى بۆ ئه‌م هاوكارییانه دووپات كرده‌وه.
له به‌شێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌دا باس له په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و یۆنان و، كار و پرۆژه‌كانى كۆمپانیا یۆنانییه‌كان له هه‌رێمى كوردستان كرا و، به تایبه‌تیش تیشك خرایه سه‌ر گرنگیدانى زیاتر به‌و بوارانه‌ى كه جێى بایه‌خى هه‌ردوولان. وه‌ك هه‌نگاوێكى به‌ره‌وپێشچوونى په‌یوه‌ندییه‌كانیش، به‌ڕێز باڵیۆزى یۆنان ڕایگه‌یاند له‌مه‌ودوا هاووڵاتیانى هه‌رێمى كوردستان بێ ئه‌وه‌ى سه‌ردانى بالیۆزخانه له به‌غدا بكه‌ن، ده‌توانن له ڕێگه‌ى باڵیۆزخانه‌ى یۆنانه‌وه هه‌ردوو ڤیزاى یۆنان و شه‌نگن وه‌ربگرن. هه‌روه‌ها ڕوونى كرده‌وه كه له داهاتوویه‌كى نزیكدا هێڵێكى ئاسمانیى یۆنانى، گه‌شتى ڕاسته‌وخۆ له نێوان یۆنان و هه‌رێمى كوردستاندا ڕێك ده‌خات.
