باڵیۆزخانەی ئەمریكا خولی ڕاهێنان بۆ مامۆستایانی بەش و سەنتەرەكانی زمانی ئینگلیزی لە زانكۆكانی كوردستان دەكاتەوە
وەزارەتی خوێندنی باڵا لە ڕاگەیەنراوێک کە وێنەیەکی بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێر گەیشتووە ڕایدەگەیەنێت، لەپێناو دروستكردنی پەیوەندی زانستی و ئەكادیمی لەنێوان زانكۆكانی هەرێمی كوردستان و ئەمریكا، رێكخراوی ئایرێكس (IREX) بە پشتگیری دارایی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق بۆ یەكەم جار لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان خولێكی راهێنان بۆ (22 ) مامۆستا لە بەش و سەنتەرە جیاكانی زمانی ئینگلیزی لە سەرجەم زانكۆكانی هەرێمی كوردستان دەكاتەوە.
خولەكە لە سەرەتای ساڵی داهاتوو دەستپێدەكات و لە کۆتایی خولەکە دە مامۆستای راهێنراو بۆ بەشداری لە خولێكی تری راهێنان كە لە ماوەی مانگەكانی شوبات - حوزەیرانی ساڵی داهاتوو لە ئەمریكا بەڕێوەدەچێت هەڵدەبژێردرێن.
دوای تەواوكردنی خولەكە هەر بەشداربوویەك پاش گەڕانەوەیان بۆ هەرێمی كوردستان، بە ئامانجی پەرەپێدان و تێگەیشتنی هاوبەش و شارەزایی كلتوری نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمریكا، خول و راهێنان لە پێناو باشتركردنی بەرنامەی خوێندن لە بەش و سەنتەرەكانی زمانی ئینگلیزی لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان پێشكەش دەكەن.
