دوایین زانیاریی لەبارەی شەڕی یەپەگە و داعش لە كۆبانێ
سەرچاوەكانی رووداو لەناو كۆبانێ رایانگەیاند "فڕۆكەكانی هاوپەیمانان هێرشی دیكەیان بۆسەر چەكدارانی داعش لە رۆژئاوای كۆبانێ ئەنجامداوە".
لەبەشی رۆژهەڵاتی شارەكەش لە نزیك گەڕەكی پیشەسازی پێكدادانی تووند لەنێوان YPG و داعش هەبووە، هەرچەندە بڕیاربوو یەكشەممە پێشمەرگە بەڕێگای توركیاوە بچێتە كۆبانێ، بەڵام چوونی هێزەكە بەهۆی خشتەی كاتی دیاریكراوی توركیا دواكەوت بۆ ئەمڕۆ و ئەمڕۆ 150 پێشمەرگە بە چەكی قورسەوە، بە رێگای ئاسمانی و زەوینی بە هانای چەكدارانی YPGـەوە دەچن لە كۆبانێ.
پێشتر بەشێكی بەرپرسانی كورد، دواخرانی رۆیشتنی پێشمەرگەیان خستە ئەستۆی توركیا و رایانگەیاند توركیا بەجۆرێك لە جۆرەكان ئاستەنگ دەخاتە بەردەم چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ، ساڵح موسلیم هاوسەرۆكی پارتی یەكێتی دیموكراتی PYD، رایگەیاند "پێشمەرگە 3 رۆژە ئامادەیە و لە چاوەڕوانیدایە بچێتە كۆبانێ، بەڵام ئێمە دەزانین توركیا ئاستەنگ دێنێتەپێش".
لەكاتی گەڕانەوەی لە ئیستوانیا، لە لێداوانێكدا بۆ رۆژنامەنووسان رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا دوێنێ رایگەیاند "YPG ، باڵە چەكدارەكەی PYD ناخوازێت پێشمەرگە بچێتە كۆبانێ".
تایبەت بە هەمان پرس، سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری CHP، رایگەیاند "نامانەوێت هیچ هێزێكی بیانی بەخاكی توركیادا تێپەڕێت".
كەمال كڵچدار ئۆغڵو سەرۆكی گشتی ئەو پارتە لە ئیستەنبوڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئێمە وەك پارتی گەلی كۆماری نامانەوێت هیچ هێزێكی بیانی بەناو خاكەكەمان بۆ هیچ شوێنێكی دیكە تێپەڕێت".
پارتی گەلی كۆماری CHP، هەرچەند پێشتر رایگەیاندبوو، كە پێویستە هاوكاری كۆبانێ بكرێت بۆ ئەوان PYD و PKK لەیەك جیاوازن،بەڵام لەسەر ناردنی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ بە چەكی قورسەوە بەناو خاكی توركیا، كڵچدار ئۆغڵو رەتیكردەوە ئەوان لەگەڵ ئەوەدابن هیچ هێزێكی بیانی بەناو خاكەكەیاندا بۆ هیچ شوێنێك بچێت.
رووداو
