پابەند نەبوونی حكومەتی ناوەند بە دەستوور و فیدڕاڵیەت و شەراكەتی راستەقینە هۆكاری سەرەكی كێشەكانە

پابەند نەبوونی حكومەتی ناوەند بە دەستوور و فیدڕاڵیەت و شەراكەتی راستەقینە هۆكاری سەرەكی كێشەكانە
لە دیدارێكی تایبەدا بۆ گۆڤاری گوڵان رێباز محەمەد حەملان وەزیری دارایی و ئابووريی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گوتى: ئێمە كە باسی چەمكی ئابووريی جەنگ دەكەین، پێمانوایە وڵات لە حاڵەتی جەنگدایە و تووشی زیانی ئابووری بووەتەوە، كاریگەریيەكانی جەنگیش بەسەر بژێوی هاووڵاتیانەوە زیاتر بەدیار دەكەوێت. لە ئێستادا هێزەكانی پێشمەرگە بە درێژایی 1050 كم لە بەرەی جەنگدان دژی هێرشەكانی چەكدارانی تیرۆریستی داعش، ئەمەش رووبەرێكی فراوان و توانایەكی دارایی و ئابووری و سەربازی زۆر و زەبەندی دەوێت، دەبێت هەموو ئامادەكاری و رێوشوێنەكان بگرینەبەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان و گەڕانەوەی ئارامی و ئاسایش بۆ هەرێمی كوردستان. بوونی سەدان هەزار ئاوارەش قورسایيەكی زۆری خستۆتە سەر هەرێم، لە رووی دابینكردنی شوێن و پێداویستيیەكانی ژیانەوە كە بەڕێوەبردنیان زەحمەتە، ئەمەش بێگومان لەم بارودۆخەی ئێستادا كە حكومەتی ناوەند بەشە مووچە و بودجە نانێرێت، قەیرانەكەی قووڵتر كردۆتەوە، دیارە كاریگەریشی هەبووە لەسەر بازاڕ و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە مەرزەكان، هەر بۆ نموونە پێشتر لە70%ى هەناردەی توركیا بۆ عێراق لە رێگەی خاڵە گومركییەكانی هەرێمەوە بوو.


هەروەها رێباز محەمەد گوتی: پابەندنەبوونی حكومەتی ناوەند بە دەستوور و باوەڕنەبوون بە فیدڕاڵیەت و دیموكراسی و شەراكەتی راستەقینە و بە مەركەزیكردنی هەموو دەسەڵاتەكان، هەروەها جێبەجێنەكردنی ماددەی (140) و یاسای نەوت و غاز و نەناردنی بودجەی پێشمەرگە لە ساڵی (2007)ـەوە هۆكارێكی ئەو بارودۆخەن كە هاتۆتەئاراوە، بۆیە پێویستە حكومەتی نوێی عێراق بە جددی لە رێگەی دەستوورەوە چارەسەری تەواو بۆ ئەم كێشانە بدۆزێتەوە. ئێستا لە رێگەی شاندی دانوستانكاری كورد گەیشتوونەتە رێگەچارەیەك بەپێی رێككەوتنەكانیش دەبێت لە ماوەی ساڵێك ماددەی (140) جێبەجێبكرێت، بەپێی ئەو قۆناغانەی لە ماددەكە دەستنیشانكراوە، چونكە ئەوەی لە حكومەتی مالیكی بینرا، بە بڕینی قووتی هاووڵاتیانی كوردستان لە مێژووی نوێدا كاری وەها لە هیچ حكومەتێكی دنیا نەبینراوە.


شایانی باسە لە درێژەی دیدارەكەیدا محەمەد حەملان گوتی: لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرنامەو پلانی نوێ راگەیەندرا، وێڕای ئەو بارودۆخەی ئێستا و قەیرانی ئابووری كە لە ئارادایە، چەندین رێوشوێنی پێویستی گرتۆتەبەر بۆ رووبەڕووبوونەوی ئەو قەیرانە لە رووی كەمكردنەوەی خەرجیيەكان و زیادكردنی سەرچاوەكانی داهات و دانانی چەندین لیژنە لە وەزارەتی دارایی بۆ چاوخشاندنەوە بەو قەرزانەی كە حكومەت لای كۆمپانیا و بانكەكان و هاووڵاتیان هەیەتی، كە لە پێدانی پێشینەكان سەرچاوەیان گرتووە، بۆیە حكومەتی هەرێم بە بەرنامە و پلانی تۆكمەوە لە هەوڵی ئەوەدایە ئابووریيەكی سەربەخۆ و ژێرخانی ئابووری خۆی بەهێزتر بكات كە سەرجەم بوارەكان بگرێتەوە.


حەملان لە كۆتایی قسەكەیدا بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی پێویستمان بە بەرنامەو پلانی تۆكمە هەیە و دەبێت راوێژ بە كەسانی پسپۆڕ و خاوەن ئەزموون بكەین، جگە لەوەش پێداچوونەوە بەو رێنماییانە بكرێت كە بارودۆخەكە وادەخوازێت هەموار بكرێتەوە، هەروەها پێویستە هەوڵ بدەین بانكە بازرگانيیەكان جموجۆڵی زیاتر بە خۆوە ببینن و متمانەی بانكەكانیش بگەڕێنينەوە، هاوكات بە شێوەیەكی سەردەميیانە پێداچوونەوە بە سیستەمی بانكی بكرێت.

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(998)

Top