زانیاری لەسەر ئەو تانكەرە بۆمرێژكراوەی بۆ دووزخورماتوو رەوانە كرابوو

زانیاری لەسەر ئەو تانكەرە بۆمرێژكراوەی بۆ دووزخورماتوو رەوانە كرابوو
سەرچاوەیەكی ئەمنی باڵا لە دووزخورماتوو رایگەیاند: ئەو ئۆتۆمبیلە سەربازییە بۆمبرێژكراوە، پێشتر بۆ ئەوە ڕەوانەكرابوو بە بەشداربووانی مەراسیمی موحەرەمدا بتەقێندرێتەوە، بەڵام دواتر رێگاكەی بۆ بارەگایەكی هێزەكانی پۆلیسی فریاكەوتن گۆڕی.

شەوی رابردوو لەشارۆچكەی دووزخورماتوو لە لایەن هێزەكانی پۆلیسی فریاكەوتنەوە ئۆتۆمبیلێكی تانكەری سەربازی درایەبەر دەستدرێژی گوللـە كە بە نیازبوو خۆی بە بارەگاكەدا بتەقێنێتەوە.

لە بارەی دوا زانیاریەكانیشەوە سەرچاوەیەكی باڵا لە هێزە ئەمنییەكانی دووزخورماتوو تایبەت بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند؛ ئەو تانكەرە سەربازییە كە ژمارەكەی (21655) بووە، پێشتر بە پێی زانیارییە هەواڵگرییەكان لە لایەن چەكدارانی داعشەوە ڕەوانەكرابوو بۆ ئەوەی لە ناو شارۆچكەی دووزخورماتوو بە بەشداربووانی مەراسیمی موحەرەم خۆی بتەقێنێتەوە.

سەرچاوەکە، گوتی: بەڵام دواتر ئەو تانكەرە كە خۆكوژێك شۆفێری بوو، ڕێڕەوەكەی بۆ بارەگای پۆلیسی فریاكەوتنی سەر بە حكوومەتی هەرێم گۆڕی و پێش ئەوەی بگاتە بارەگاكە لە لایەن هێزەكانی پۆلیسەوە دەستدرێژی گووللەی لێكراو ئۆتۆمبیلەكە وەستێندرا.

سەرچاوەكە كە خۆی دواتر چووبووە نزیك تانكەرەكە، ئەوەشی خستەروو کە پاش دەستدرێژی گوللەی پاسەوانەكان دەركەوت چوار گوللە بەر جامی پێشەوەی ئۆتۆمبیلەكە كەوتووە و خوێنیش رژابوو ئەمەش ئەوە دەردەخات شۆفێرەكە پاش برینداربوونی هەڵهاتووە و هەرچەندە لەو ناوچەیەش گەران پشكنینان بۆ ئەنجامدا بەلام نەدۆزرایەوە.
Top