ئەسفەهان.. دژی تیزابپێداكردنی ژنان خۆپیشاندان دەكرێت
لە چەند هەفتەی رابردوودا، لەلایەن چەند ماتۆڕسوارێكەوە لە شاری ئەسفەهانی گەشتیاری، كە بە دووری 450 كیلۆمەتر دەكەوێتە باشووری تارانی پایتەختی ئێرانەوە، رووخسار و جەستەی 4 ژن بەهۆی پێداكردنی تیزابەوە سووتێندرا.
ژنانی خۆپیشاندەری ئەسفەهان لە خۆپیشاندانەكەیاندا، لەبەردەم دەسەڵاتی دادوەری شارەكەدا هاواریان دەكرد، "ئەسفەهان شاری خۆمانە، ئارامی مافی خۆمانە". لە هوتافەكانیاندا هەروەها دەیانگوت "برووخێن تووندڕەوانی ئایینی".
بەگوێرەی پۆستی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، ئەو ژنانە بەهۆی خۆدانەپۆشین و لەبەرنەكردنی جلوبەرگی گونجاوی ئیسلامییەوە تیزابیان پێداكراوە، بەڵام دەزگا ئەمنییەكانی ئێران، كە 4 كەسیان بەو تۆمەتە دەستگیرکردووە، لەبەر هەستیاری بابەتەكە هیچ لێدوانێكیان نەداوە.
لە مانگی تەممووزدا نیوە زیاتری پەرلەمانتارانی ئێران داوایان لە حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری ئێران كرد، لەبەركردنی لیباسی ئیسلامی بسەپێنێت، بەهۆی ئەوەی كولتووری بیانی لە ئێراند زۆربووە.
بەڵام سەرۆك كۆماری ئێران رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، "رێگرتن لە بەدرەوشتی تەنیا بەناچاركردنی ژنان بۆ خۆداپۆشین و لەچك لەسەركردن نابێت".
هەر لەدژی ئەو رەفتارە بەرامبەر بە ژنان، خۆپیشاندانێكی دیكە بە بەشداری 50 كەس لەبەردەم پەرلەمانی ئێران بەڕێوەچوو، كە نەسرین ستودەی پارێزەری ناسراویشیان لەنێودابوو.
رووداو
