HDP: چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ هەنگاوێكی گرنگە

 HDP: چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ هەنگاوێكی گرنگە
سەرۆكی گرووپی پەرلەمانتارانی پارتی دیموكراتی گەلان HDP دوای گەیشتنی چەك و تەقەمەنی هەرێمی كوردستان بۆ كۆبانێ لە رێی فڕۆكە ئەمریكییەكانەوە رایگەیاند: "پێویستە توركیا وانە لە هاوكارییەكانی ئەمریكا وەربگرێت بۆ كۆبانێ".

پەروین بوڵدن، سەرۆكی گرووپی پەرلەمانتارانی پارتی دیموكراتی گەلان HDP گوتی: "كاتێك توركیا بێ دەنگ تەنیا سەیردەكات و هاوكاری ناكات، لەبەرامبەردا هاوكارییەكانی ئەمریكا بۆ كۆبانێ زۆر مانادارن".

بوڵدان خۆزگە دەخوازێت و دەڵێ: "خۆزگە لەسەرەتاوە بەبێ ئەوەی كەس بكوژرێ و كێشەكە ئەوەندە گەورە ببێ توركیا بە چەك هاوكاری كۆبانێی بكردبا، لەكاتێكدا كە هاوسەنگی هێز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شێوەیەكی نوێ وەردەگرێتە، مخابن توركیا بكەوێتە دەرەوەی ئەو گۆڕانكارییانە".

ئەو پەرلەمانتارەی HDP دەڵێ: "سەرەتا توركیا بەڵێنیدا كە هاوكاریی مرۆیی، سەربازیی و لۆژیستی بكات، بەڵام لەم تاقیكردنەوەیەدا دەرنەچوو". بوڵدان لەگەڵ ئەوەشدا رێگەپێدانی توركیای بە چوونی پێشمەرگەی كوردستان بۆ كۆبانێ بە گرنگ زانی و گوتی: "هەر جۆرە هاوكارییكردنێكی كۆبانێ مانایەكی تایبەت و جیاوازی خۆی هەیە".









رووداو
Top