لە باشیك و بەرتلە پێشمەرگە بە توندی وەڵامی تیرۆریستانی دایەوە.. چەندان تانك و زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی داعش تێك شكێنران

 لە باشیك و بەرتلە پێشمەرگە بە توندی وەڵامی تیرۆریستانی دایەوە.. چەندان تانك و زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی داعش تێك شكێنران
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، تیرۆرستانی داعش لە سنووری میحوەری خازر و باشیك و بەرتلە بە چەند تۆپ و هاوەنێك هێرشیان كردە سەر هێزی پێشمەرگە، بەڵام هێزەكانی پێشمەرگە هەر زوو وەڵامێكی توندیان دانەوە و زەرەر و زیانی زۆر بە تیرۆریستان كەوت.

ئەندامی لیژنەی ئەمنیی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە مووسڵ (غەیاس سوورچی)، بە Kdp.info-ی ڕاگەیاند، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە سەعات پێنج، تیرۆرستانی داعش لە ناحیەی بەرتلە و باشیك و خازر هێرشیان بە تۆپ و هاوەن دەست پێ كرد، بەڵام هێزەكانی پێشمەرگە لە هەرسێ میحوەری خازر و باشیك و بەرتلە وەڵامێكی توندی چەكدارانی تیرۆریستی داعشیان دایەوە و بە چەندین چەكی قورس و چەكی جۆراوجۆر بۆردوومانیان بۆ سەر شوێنەكانی تیرۆرستانی داعش دەست پێ كرد.
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئەمنیی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە مووسڵ گوتیشی، "لە ئەنجامی ئەو شەڕەدا هێزەكانی پێشمەرگە تەنیا دوو برینداری سوكیان هەیە، بەڵام تیرۆرستانی داعش گورزێكی كوشندەیان بەر كەوت و هەرچەندە ئاماری كوژراو و برینداریان دیار نییە، بەلام دەتوانم بڵێم كوژراو و بریندارێكی زۆریان هەیە، لەبەر ئەوەی چەندان تانك و زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی تیرۆرستانی داعش لە ئەنجامی بۆردوومانی هێزی پێشمەرگەدا تێك شكێنراون".
(سوورچی) هەروەها ئاماژەی دا، تیرۆریستان لەمێژە تێك شكێنراون، بەڵام ئەوە تەنیا بۆ ئەوەیانە كە بڵێن ئێمە ماوین، لە كاتێكدا هێزەكانی پێشمەرگە شكستیان بە هێرشەكانیان بردووە و لە ئامادەباشیی تەواویشدان لەو سنوورە و بۆ هەر هێرشێكی تیرۆرستانی داعش ئامادەن.
Top