ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی له چه‌ند پرسێكی هه‌نووكه‌یی ده‌كۆڵێته‌وه
له سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران تیشكی خسته سه‌ر كار و هه‌وڵه‌كانی هه‌فته‌ی ڕابردووی لایه‌نه كوردستانییه‌كان له‌سه‌ر پرسی به‌شداریكردنی هه‌رێمی كوردستان له حكوومه‌تی فیدرالی عیراقدا و ناردنی وه‌زیره‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا. له‌مباره‌یه‌وه به تایبه‌تی سوپاسی كۆمه‌ڵی ئیسلامی و به‌ڕێز ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كوردستانی كرد كه له‌پێناو یه‌كڕیزیی نیشتمانیدا، له كۆبوونه‌وه و گفتوگۆكاندا نه‌رمییان نواندووه. جه‌ختیشی له‌وه كرده‌وه كه سیاسه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌یه پشتگیری و هاوكاریی به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران د. عه‌بادی بكات بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، دوای ئه‌وه‌ش شاندێكی هه‌رێمی كوردستان بۆ گفتوگۆ له‌سه‌ر كێشه‌كان و چاره‌سه‌ركردنیان سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات.
ده‌رباره‌ی جه‌نگی دژی تیرۆر و بارودۆخی كۆبانێش، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی باسی له‌وه كرد كه حكوومه‌ت به په‌رۆشه‌وه سه‌یری بارودۆخی كۆبانێ ده‌كات و هه‌رچی له ده‌ستی بێت، خوازیاره هاوكاری بكات، ’’به‌ڵام به حوكمی جوگرافیاوه ده‌رفه‌تی زۆر شت نیه، وێڕای ئه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا و توركیا بۆ هاوكاریكردنی كۆبانێ له‌سه‌ر هێڵین و پێشكه‌وتنی باش هاتووه‌ته ئاراوه’’. ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه تا ئێستا زیاتر له (10) هه‌زار هاووڵاتیی كۆبانێ ڕوویان كردووه‌ته هه‌رێمی كوردستان و گه‌یشتوونه‌ته كه‌مپه‌كان.
هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران، ئاماژه‌ی به ڕۆڵی دیاری به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له پرسی یه‌كڕیزیی نیشتمانی و ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر دۆسیه‌ی به‌شداریكردنی هه‌رێمی كوردستان له حكوومه‌تی به‌ڕێز عه‌بادیدا كرد و تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه به‌ڕێزیان ده‌ستپێشخه‌ری و ماندووبوونێكی زۆری له‌م دۆسیایهدا بینیوه و به ناوی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه، سوپاس و پێزانینی پێشكه‌ش به به‌ڕێزیان كرد.
دوای ئه‌وه به‌پێی به‌رنامه‌ی كاری كۆبوونه‌وه‌كه، به‌ڕێز وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، ڕاپۆرتی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستیی تایبه‌ت به گرفته‌كانی وه‌رگرتنی قوتابیان له زانكۆ و په‌یمانگاكانی هه‌رێمی كوردستانی بۆ ساڵی خوێندنی 2014 - 2015ی خسته ڕوو. له ڕاپۆرته‌كه‌دا تیشك خرایه سه‌ر ئه‌وه‌ی ڕێژه‌ی ده‌رچووانی خوێندنی ئاماده‌یی، زۆر له تواناكانی وه‌رگرتنی زانكۆ و په‌یمانگاكان و پێویستییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان زیاتره، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات نه‌توانرێ هه‌موو ده‌رچووانی ئاماده‌یی له په‌یمانگه و زانكۆكان وه‌ربگیرێن و دیسان وه‌ك ساڵانی پێشوو كێشه‌ی وه‌رنه‌گرتنی ده‌رچوانی ئاماده‌یی بێته ئاراوه. هه‌روه‌ها داكۆكی له پێویستیی دانانی پلانێك كرایه‌وه بۆ ده‌ستنیشانكردنی بواره پێویسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ئاراسته‌كردنی قوتابیان بۆ خوێندنی پیشه‌یی.
به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانیش جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه بۆ خوێندن چ قۆناغی بنه‌ڕه‌تی، یان زانكۆیی بێت، ده‌بێ ئامانج له خوێندن ده‌ستنیشان بكرێت و به‌داخه‌وه زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی ده‌خوێنن ته‌نیا ئامانجیان ئه‌وه‌یه له ده‌زگاكانی حكوومه‌ت دابمه‌زرێن، كه بێگومان ئه‌مه‌ش ئامانجێكی هه‌ڵه‌یه. جه‌ختیشی له‌وه كرده‌وه فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌وه‌ی كه ده‌بێ هه‌موان زانكۆ ته‌واو بكه‌ن ڕاست نیه و، له هیچ شوێنێكی دنیادا نیه.
هه‌روه‌ها باسی له‌وه كرد كه زۆربه‌ی كار و پیشه‌كان له هه‌رێمی كوردستان پشتگوێ خراون و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موان ده‌یانه‌وێ زانكۆ ته‌واو بكه‌ن، كه‌س ئاماده نیه پیشه‌یه‌كی ته‌كنیكی یان خزمه‌تگوزاری بكات، بۆیه ده‌بێ ستراتیژێكی درێژخایه‌ن بۆ په‌روه‌رده و خوێندنی باڵا دابنرێت بۆ ئه‌وه‌ی پێوستییه‌كانی وڵات دیاری بكات و به‌و پێیه به‌رنامه‌ی خوێندن و وه‌رگرتن ئاماده بكرێت، بۆ ئه‌مه‌ش بڕیار درا بۆردێك دابنرێت كه فه‌لسه‌فه و سیاسه‌تی خوێندن و په‌روه‌رده دابڕێژێت. لای خۆیانه‌وه ژماره‌یه‌ك له وه‌زیره به‌ڕێزه‌كانیش گفتوگۆیه‌كی تێروته‌سلیان له‌سه‌ر بابه‌ته‌كه كرد.
پاشان بڕگه‌ی دووه‌می به‌رنامه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه له لایه‌ن به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه خرایه ڕوو، كه بریتی بوو له گفتوگۆ و بڕیاردان له‌سه‌ر ڕه‌شنووسی ’’یاسای هێنانی پاره له ڕێگه‌ی قه‌رزه‌وه بۆ هه‌رێمی كوردستان - عیراق’’. تیایدا باسی له پرسی وه‌رگرتنی قه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی كرد و ڕوونی كرده‌وه كه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه په‌یوه‌نداره نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌دواداچوونی وردی یاسایی كردووه و له ده‌سه‌ڵات و ڕێپێدانی یاسایی و ده‌ستووری بۆ وه‌رگرتنی قه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی كۆڵیوه‌ته‌وه و له‌گه‌ڵ لایه‌ن و بانكه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و بڕوایه‌ی كه هه‌رێمی كوردستان مافی وه‌رگرتنی قه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه.
هه‌روه‌ها تیشكی خسته سه‌ر لایه‌نه یاساییه‌كان و بڕی ئه‌و قه‌رزه‌ی كه هه‌رێم ده‌توانێ له لایه‌ن و بانكه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان وه‌ری بگرێت. ژماره‌یه‌ك له وه‌زیره به‌ڕێزه‌كانیش سه‌رنج و تێبینییهكانی خۆیان ده‌رباره‌ی ڕه‌شنووسی یاساكه خسته ڕوو، پاشان بڕیار درا دوای ده‌ستكاری و له‌سه‌ر بنه‌ما و ڕه‌چاوكردنی سه‌رنج و تێبینییه‌كان ڕه‌شنووسی یاساكه په‌سه‌ند بكرێت و بنێردرێته په‌رله‌مانی كوردستان.
