ئاستی باران بارین گەیشتە ١٤٠ ملیم و بەدەیان پرۆژەی خزمەتگوزاریش بەھۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە

ئاستی باران بارین گەیشتە ١٤٠ ملیم و بەدەیان پرۆژەی خزمەتگوزاریش بەھۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە
ماوەی نزیکەی ھەفتەیەکە شەپۆلێکی بەخور دابارینی باران ناوچە شاخاویەکانی ھەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە، وێرایی زیانی گیانی، ھاوکات دەیان پرۆژەی رێگاوبان و تۆری کارەبای نشتیمانی و خانوی ھاوڵاتیان و رەزوباخی جوتیاران بەر لافاو کەوتوون و دەیان گوندو ئاوایی لە ئێستادا ھاموشۆی ئۆتۆمبێلیان تیادا ئەستەم بووە.



بە پێی ئاماری بەرێوەبەرایەتی کشتوکاڵی چۆمان، لە ماوەی ئەمساڵدا (١٤٠) ملم باران باریوە لە کاتێکدا پارساڵ تا ئەو کاتە تەنھا (٥) ملم باران باریبوو.

بەھۆی بارینی ئەو رێژە بارانەو بەرز بوونەوەی ئاستی ئاو زیانی گیانی و ماڵی بەر ھاوڵاتیانی ناوچە شاخاویەکان کەوتووە، قائیمقامی قەزای چۆمان عەبدولواحید گوانی بە ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێری راگەیاند: ماوەی نزیکەی ھەفتەیەکە شەپۆلێکی بەخور دابارین سنوری قەزای چۆمانی گرتۆتەوەو بەھۆشیەوە زیانی زۆری ماڵی بەر کەرتی رێگاو بان و کارەباو خانووی ھاوڵاتیان کەوتووە و بۆ چاککردنەوەشیان لە رێگەی تیمەکانی ئاوادانکردنەوەو رێگاو بان بە بەردەوامی تیمەکان سەرقاڵی چاککردنەوەی رێگاو بان و کارەبان، بەڵام فراوانی سنورو زیانی زۆرو قەیرانی دارایی وای کردووە چاککردنەوەی پرۆژە پێویستیەکانی ھاوڵاتیان بە شێوازێکی خێرا بەریوە نەچێت، بەڵام لە ھەوڵدادەبین سەرجەم پێداویستیە سەرەتایەکانی گوند نشینان و ناوچە زیان بەرکەوتووەکان چاکبکرێنەوە.

ھەرچی زیانی خانووی ھاوڵاتیان و پرۆژە تایبەتیەکانیشن، قائیمقامی چۆمان روونی کردەوە کە لە رێگەی لێژنەیەکەوە ناونووسی سەرجەم کەسانی زیان بەر کەوتوو کراوەو لە ھەواڵی قەرەبوو کردنەوەیاندا دەبین.
سەبارەت بە زانی گیانیش لە گوندی پروسوانی سنوری رواندز بەھۆی بەرز بوونەوەی ئاستی ئاو کورو باوکێک گیانیان لە دەست داوە.
Top