هەشت هەزار كەس لە كۆبانییەوە ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون
بەڕێوەبەری ئاساییشی خاڵی سنووریی ئیبراهیم خەلیل (عەبدولوەهاب محەممەد)، بە kdp.info-ی راگەیاند، دوای بڕیاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ كردنەوەی خاڵی سنووریی ئیبراهیم خەلیل بە ڕووی ئاوارەكانی كۆبانیدا، تاوەكو ئێستا هەشت هەزار كەس لەو خاڵەوە هاتوونەتە هەرێمی كوردستان و هاتنیشیان بەردەوامە.
(عەبدولوەهاب) گوتیشی، هەر ئاوارەیەكی كۆبانی بیەوێت بێتە هەرێمی كوردستان، سنوور بە ڕوویاندا كراوەیە و بۆ هاتنەناو هەرێمی كورستانیش تەنیا پشت بە ناسنامەیان دەبەسترێت و ئەگەر ناسنامەیان پێ بێت و خەڵكی كۆبانی بن، رێگەیان پێ دەدرێت بێنە هەرێمی كوردستان.
پێش چەند رۆژێك، سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی)، فەرمانی دا كە خاڵی سنووریی ئیبراهیم خەلیل بە ڕووی ئاوارەكانی كۆبانیدا بكرێتەوە و لەو رۆژەیشەوە بە بەردەوامی ئاوارەكان لە رێگەی توركیاوە ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكەن.
